ئەگەری دوورخستنەوەی ڕاکان جبوریی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن لەئارادیە
٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٠٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەگەری دوورخستنەوەی ڕاکان جبوریی پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسی لای هاوپەیمانی سەروەریی خەمیس خەنجەر دروستکردووە، بەو پێییەی جبوری بەهێزترین کارەکتەری سیاسییانە لەو پارێزگایە.
لەکاتێکدا پێشبینی کێبڕکێی توند لە نێوان هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبوسی و هاوپەیمانی سەروەری بەسەرۆکایەتی خەنجەر دەکرێت، هاوکات مەترسی دوورخستنەوەی راکان جبوریی لە ئارادایە.
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک بە سەرۆکایەتی راکان جبوریی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو دۆسیە یاساییانەی لەسەریەتی، مەترسی دوورخستنەوەی راکان جبوری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن لە ئارادایە.
ڕاکان جبوریی کە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 بوو بە پارێزگاری دیفاکتۆی کەرکوک، دوای وەرگرتنەوەی پۆستەکە لێی، ئێستا سەرۆکی کوتلەی سەروەریی "سیادە"ـی عەرەبی سوننەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەرامبەریشدا کوتلەی تەقەدوم لە کەرکوک لەلایەن محەمەد تمیمی وەزیری پلاندانانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، مەترسی دوورخستنەوەی راکان جبوریی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن پشتڕاستکردەوە و بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر راکان جبوری لە کێبڕکێت هەڵبژاردن دووربخرێتەوە، دۆخەکە لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی تەقەدوم کۆتایی دێت.