پهرلهمانتارێكى پێشووى كورد له بهغدا: عێراق به ههر بڕه نهوتێك كه ههرێم بینێرێ ڕازییه، بەڵام ههرێم نایهوێت نهوت ڕادهست بكات
٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٤٦ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
پەرلەمانتارێكی پێشووی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی فیدراڵی نەرمییەکی بەرچاوی نواندووە بەرامبەر بە هەرێم و لە داواکارییە پێشووەکانی بۆ ڕادهستكردنى 230 ههزار بهرمیل نهوتى رۆژانه پاشگەز بووەتەوە، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشان نەداوە بۆ ڕادەستکردنی نەوتەکەی، دهشڵێت: خهتاكه له ئهستۆی ههرێمه.
د. رێبوار کەریم، به پهنجهرهى ڕاگەیاند: "حکومەتی عێراق داواکاریی پێشووی خۆی بۆ وەرگرتنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە هەرێم گۆڕیوە، ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات کە هەرێم ڕایگەیاندبوو ناتوانێت ئەو بڕە دابین بکات بەهۆی پابەندییەکانی بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان و لە ئەنجامدا تەنها نزیکەی 90 هەزار بەرمیلی ناردبوو."
ئهوهشى ئاشکرای کرد: عێراق نامەیەکی فەرمی و ڕوونی ئاراستەی هەرێم کردووە و پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو، بهشێوهیهك ئێستا ناڵێت دەبێت 230 هەزار بەرمیل بنێرن، بەڵکو دەڵێت هەرچەندێک نەوتتان بەرهەمهێنا، بڕی 50 هەزار بەرمیلی لێدەربکەن بۆ پێداویستی ناوخۆ و ئەوەی دەمێنێتەوە ڕادەستی ئێمەی بکەن.
پێشیوایه "ئەمە هەنگاوێکی زۆر باش و جۆرێکە لە سازشێکی گەورە لەلایەن عێراقەوە."
پەرلەمانتارە پێشووەکەی عێراق، وتیشی: وەزارەتەکانی نەوت و دارایی عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ ئەم میکانیزمە نوێیە دەربڕیوە و لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولاش ئەرکیان دیاریکردنی داهاتەکان و وردبینیکردنە لە ژمارەکان.
د. رێبوار کەریم، ڕەخنەی توندی ئاراستەی كاربهدهستانى هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بەتەئکید کوردستان كهمتهرخهمه، لە ڕابردوودا ڕەنگە عێراق داواکاریی هەبووبێت کە جێبەجێکردنی قورس بووبێت، بەڵام ئەمجارە تۆپەکە بەتەواوی لە گۆڕەپانی هەرێمدایە، عێراق دەڵێت چەند نهوتت هەیە بیدە، بەڵام دیارە هەرێم نایەوێت نەوت لە ڕێگەی عێراقەوە بفرۆشێت."
ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هۆکاری کێشەکەی بۆ ویستی سیاسیی هەرێم گەڕاندەوە و وتی: "تا ئەم ساتە، قەناعەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەکەی ئاسایی بکاتەوە و لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـەوە ئەنجامی بدات. ئەگەر هەرێم ئەم هەنگاوە نەنێت و ئەم دەرفەتە لەدەست بدات، بێگومان زیانێکی زۆر گەورەی بەردەکەوێت."