لیوایەکی حەشدی شەعبی ناسنامەی کوردیی شەبەکەکان ڕەتدەکاتەوە

٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٤٨ پاش نیوەڕۆ

لیوایەکی حەشدی شەعبی ناسنامەی کوردیی شەبەکەکان ڕەتدەکاتەوە

په‌نجه‌ره‌

ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان و لیوای (30) حەشدی شەعبی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی شەبەک بەردەوامە، لایەنە کوردییەکان شەبەک بە کورد دادەنێن، لەکاتێکدا لیوای 30 حەشدی شەعبی بەمە تووڕە دەبێت.

لیوای 30ـى حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کوردانی شەبەک دروستکراوە. فەرماندەی پێشووى لیواکە (وەعد قەدۆ)یە كه‌ دواتر له‌سه‌ر كۆتاى شه‌به‌ك بوو به‌ په‌رله‌مانتارى عێراق، ئێستاش له‌لایه‌ن كه‌سێكى تره‌وه‌ به‌ناوى سه‌باح سالم شه‌به‌كییه‌وه‌ فه‌رماندارێتى ده‌كرێت و دەسەڵاتی تەواویشیان لەناوچەکانی شەبەکدا پێدراوە.

سەعید مەموزینی، نوسەر و رۆژنامەنوس لە پارێزگای نەینەوا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لیوای 30 حەشدی شەعبی هه‌ستیارییه‌كى زۆری لەگەڵ کورد دروستکردووە، ئەوان خۆیان وەکو پێکهاتەیەکی جیاواز لە کورد دەبینن و ڕازی نین بە کورد ناوببرێن.

دەشڵێت: پارە و ئیمتیازێکی زۆر خراوەتە بەردەست لیوای 30ـى حەشد و لەو ڕێگەیەوە خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە.

کوردانی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا، نزیکەی 52 گوندی تایبەت بە خۆیان هەیە و لیوای 30 حەشد لەو گوندانە باڵادەستە، هەروەها کورسییە کۆتاکەی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەلایەن کاندیدی ئەو هێزەوە هەموو جارێک مسۆگەر دەکرێت.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو