وەزیرێکی هەرێم بۆ پەنجەرە: هەوڵ هەیە هەفتەی داهاتوو عێراق مووچەی مانگی 6 بنێرێت

٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٤٨ پاش نیوەڕۆ

وەزیرێکی هەرێم بۆ پەنجەرە: هەوڵ هەیە هەفتەی داهاتوو عێراق مووچەی مانگی 6 بنێرێت

پەنجەرە

وەزیرێکی هەرێم رایدەگەیەنێت حکومەتی عێراق و هەرێم لە پرسی داهاتی نەوت گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن، بەڵام لە پرسی داهاتی نانەوتی لەیەک دوورن، دەشڵێت: "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو حکومەتی عێراق مووچە بنێرێت، بەڵام وەکو خۆم گەشبین نیم."

ئەو وەزیرە کە ئامادە نەبوو ناو و پۆستەکەی ئاماژە پێبکرێت، بە پەنجەرەی وت: لە ڕۆژی سێشەممە هەتا پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبەغدا بوون بۆ گفتوگۆ و قسەکردن لەبارەی کێشەی مووچە و بودجە.

وتیشی: شاندەکە بەبێ دەرەنجامێکی ئەوتۆ گەڕانەوە.

بەوتەی ئەو وەزیرەی هەرێم، کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە لەسەر پرسی نەوت، چونکە لایەنی عێراقی لەسەر زاری وەزیری نەوتەوە ڕەزامەندییان داوە لەسەر ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێم ڕادەستی دەکات، بەڵام کێشەکە لەسەر داهاتی نانەوتییە.

ڕوونیکردەوە: عێراق داوا دەکات هەرێم هەموو داهاتی نانەوتی ڕادەستبکات لە نموونەی گومرک و ڕسوماتی ناوخۆیی وەکو پارەی ئاو و کارەبا و هیتر.

وەزیرەکەی هەرێم جەختیکردەوە کە حکومەتی هەرێم بەم داوایە رازیی نابێت، چونکە وەکخۆی وتی: "ئەگەر رازیی بین ئەوا ئەبێت دەرگای حکومەت داخەین."

دەربارەی ئەگەری خەرجکردنی مووچە بەتایبەتی کە دەنگۆی ئەوە هەیە حکومەتی عێراقی سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێم وتی: هەوڵێکی زۆر لەئارادایە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق مووچە بنێرێت، "بەڵام وەکو خۆم گەشبین نیم و نائومێدم."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو