خەونی ئەوروپا دەبێتە مۆتەکە؛ قەیرانی دەروونی ڕووبەڕووی گەنجانی کۆچبەری کورد دەبێتەوە

٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٣٠ پاش نیوەڕۆ

خەونی ئەوروپا دەبێتە مۆتەکە؛ قەیرانی دەروونی ڕووبەڕووی گەنجانی کۆچبەری کورد دەبێتەوە

په‌نجه‌ره‌

ژمارەیەک لەو گەنجە کوردانەی ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن باری دەروونییان تێکدەچێت و لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان بە دەروونێکی شڵەژاو و دۆخێکی نالەبارەوە دەبینرێن، چالاکوانێکی کوردیش لە ئەوروپا هۆکارەکەی بۆ ئەو دۆخە نوێیە دەگێڕێتەوە کە تێیکەوتوون.

رەنج پشدەریی، چالاکوانی کورد لە ئەوروپا کە بەدواداچوون بۆ کێشەی کوردانی تاراوگه‌ دەکات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆرێک لەو گەنجانە بە ئومێدی کارکردن و ژیانێکی باشتر وڵات جێدەهێڵن، تەنانەت هەندێکیان لە کوردستان خاوەنی ژیانێکی شایستە و باری دارایی باشن، بەڵام کاتێک دەگەنە ئێرە و لە کامپێکی دوورەدەست یان گوندێک لەگەڵ کەسانی بیانی دادەنرێن، تووشی گۆشەگیری و داڕمانی دەروونی دەبن.

بە وتەی پشدەریی، فشاری دەروونی تەنها لە نامۆیی و جیاوازیی کولتوورییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو زۆرجار پەیوەستە بەو قوربانییە گەورەیەی کە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا داویانە. ئەو ڕوونیدەکاتەوە: "بەشێکی زۆریان ماڵ و ئۆتۆمبێل و هەموو سەروەت و سامانی خێزانەکانیان فرۆشتووە، بۆیە کاتێک دەگەن دەکەونە ژێر فشاری بەردەوامی خانەوادەکانیانەوە بۆ ناردنەوەی پارە، لە کاتێکدا واقیعی ئێرە زۆر جیاوازە و دۆزینەوەی کار ئاسان نییە، ئەو فشارە هێندە قورسە کە هەندێک گەنج تەنانەت وەڵامی پەیوەندیی کەسوکاریشیان نادەنەوە."

ئەو چالاکوانە کوردە نموونەیەکی زیندوو دەهێنێتەوە و دەڵێت: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، باوکی گەنجێک بە گریانەوە پەیوەندی پێوەکردم و وتی کوڕەکەم تازە گەیشتووە و ڕەوانەی ناوچەیەکی دوور کراوە، باری دەروونی زۆر خراپە و خەریکە لەدەستی دەدەین. منیش تەنها توانیم ئامۆژگاری بکەم کە هانی کوڕەکەی بدات ئارام بگرێت و هەوڵ بدات خۆی فێری زمان بکات، کە تاکە کلیلی دەربازبوونە."

مەترسییەکان تەنها گەنجان ناگرێتەوە، بەڵکو مێردمنداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵیش بوونەتە قوربانیی ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌.

پشدەریی دەڵێت: "پێشتر مێردمنداڵان ڕادەستی خێزانێکی ئەوروپی دەکران بۆ بەخێوکردن، لەوێ فێری زمان و کولتوور دەبوون و تێکەڵاوی کۆمەڵگە دەبوون، بەڵام ئێستا، ئەوانیش لەگەڵ کەسانی گەورەتر لە خۆیان دەخرێنە کامپەکانەوە، ئەمەش وایکردووە بکەونە ژێر کاریگەریی دیارده‌ى خراپ، وەک بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بیری خۆکوشتن لە مێشکیاندا بچەسپێت."

هەرچەندە ئامارێکی فەرمی و ورد لەبارەی ژمارەی ئەو گەنجانەی تووشی ئەم قەیرانە بوون لەبەردەستدا نییە، بەڵام پشدەریی جەخت دەکاتەوە کە دیاردەکە بەربڵاوە و ژمارەیان زۆرە، به‌شێوه‌یه‌ك وێنەی گەنجی سەرگەردان و دەروون شێواوى كورد لە شوێنە گشتییەکان، بووەتە بەشێک لە دیمەنی ڕۆژانەی شارەکانی ئەوروپا.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو