فشار دهخرێته سهر دانیشتوانى كهمپی مهخمور بهمهبهستى گهڕانهوهيان بۆ توركیا
١٠ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٥٧ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
حکومەتی عێراق فشارەکانی بۆ سەر کەمپی مەخمور چڕتر کردووەتەوە، بهڕادهیهك كه دانیشتوانەکەی کەمپەکەی بێزار کردووە و پێیانوایە تورکیا لە پشت فشارەکانی عێراقەوەیە بۆ سەریان.
بێوار ئەمین، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ساڵە مۆڵەتی مانەوەمان بهسهرچووه و عێراق هەر جارەو بە بیانوویەک نوێی ناکاتەوە، ئەمەش وایکردووە خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستییەکانمان وەکو پێویست نەبێت و ناشتوانین ئیشوکار بکەین.
دەشڵێت: دەیانەوێت دەوروبەری کەمپەکە تەلبەند بکەن، لەکاتێکدا هەموو دەروازەکانی کەمپەکە داخراون و تەنها بۆمان هەیە هاتووچۆی مەخمور بکەین، بۆ هاتووچۆکردنی ناوچەکانی تر دەبێت رەزامەندی وەربگرین و رێوشوێنی زۆر قورس بگرینەبەر.
کەمپی مەخمور، لە ساڵی 1998 دامەزرێنراوە و نزیکەی 9 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن. دانیشتوانی کەمپەکە لەلایەن تورکیاوە وەکو کادیر و ئەندامی پەکەکە لێیان دەڕوانرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، گومان دەکرێت فشارەکانی عێراق بۆ سەر کەمپی مەخمور هەوڵێک بێت بۆ بێزارکردنی دانیشتوانەکەی، تا ناچار بن بۆ تورکیا بگەڕێنەوە.
بێوار ئەمین، لهمبارهیهوه وتی: "زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکە لە تورکیا دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە، ئێمە چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە؟"
وتیشی: ناکرێت ئێمە بکرێیینە کەرەستەی دانوستان لەبەرامبەر بەردانەوەی ئاو و زۆر پرسی سیاسی نێوان عێراق و تورکیا.
فشارەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر کەمپی مەخمور له ڕابردوودا، مورد قەرەریلان- ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی پەکەکەی هێنایە دەنگ و هەڕەشەی ناردنی گەریلای کرد، ئەگەر فشارەکانی سەر کەمپەکە ڕانەگیرێن.