ساڵح موسلیم بۆ پەنجەرە: دۆخی کورد لە سوریا باشە و پاڵپشتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ هەسەدە بەردەوامە
١١ ئاب ٢٠٢٥ - ١:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە"، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دۆخی کورد لە سوریادا باشە و ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێک، جەختیشدەکاتەوە هاوبەشییان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوامە.
ساڵح موسلیم، لە لێدوانەکەیدا وتی: دۆخی کورد لە سوریادا باشە، کوردیش ئامادەیە بۆ هەموو پێشهاتێک.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی خۆڕێکخستنەوەی سوپای سوریا و هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئارادیە، بەتایبەتی دوای بەیاننامەکەی حکومەتی سوریا بۆ ڕهدكردنهوهى ئەنجامدانی کۆنگرەی پێکهاتەکانى لە لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پێی هەستابوون.
موسلیم، لەوبارەوە باسی لەوەکرد: تائێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەک ڕووینەداوە، جەختی لەوەشکردەوە ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێک.
دەربارەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، ساڵح موسلیم جەختیکردەوە لەوەی هاوبەشێتییان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا هەیە و هاوکارییان بەردەوامە.