ئێران به‌رده‌وامه له فشاره‌كانى بۆسه‌ر حزبەکانی ڕۆژهەڵات و داواى ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كانیان ده‌كات
١١ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:١٣ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانى ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نى باڵای ئاسایشی نیشتمانى ئێران بۆ عێراق، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنن کە فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەریان به‌رده‌وامه و بە شێوازی جیاواز بەردەوامیی هەیە، لەوانەش سنووردارکردنی جووڵەی پێشمەرگەکانیان و بەردەوامیی داوای ڕادەستکردنەوەی سەرکردەکانیان.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، به په‌نجه‌ره‌ى ڕاگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی دیاردەی چەکداری لەنێو کەمپ و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا نەماوە، بەڵام فشارەکانی ئێران بۆ سەر ئێمە بەردەوامە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم فشارانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و جموجوڵی ئەندام و پێشمەرگەکانیان دروست کردووە، بۆ نموونە "هەر پێشمەرگەیەک بیەوێت لە نێوان هەولێر و سلێمانی هاتووچۆ بکات، دەبێت پێشوەختە هەماهەنگیی (تەنسیق) ئەمنیی بۆ بکرێت. هەروەها، پێشمەرگەکانمان، چ بە چەکەوە بن یان بێ چەک، بۆیان نییە لە شار و شارۆچکە سنوورییەکان نزیک ببنەوە."
ئەم فشارانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران کە لە ئەیلوولی 2023 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، حزبەکانی ڕۆژهەڵات چەکیان دانا و بارەگاکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەمپەکانی نیشتەجێبوون لە قووڵایی خاکی هەرێمدا گواسترانەوە. ئەم هەنگاوە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئێران‌دا هات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، داواکارییەکانی ئێران تەنها بە چەککردن و دوورخستنەوەی حزبەکان کۆتایی نەهاتووە، به‌ڵكو تاران هێشتا لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە فشار دەکات بۆ ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک لە سەرکردە و کادرە دیارەکانی ئەو حزبانە، کە بە "داواکراو" ناویان دەبات.
لەوبارەیەوە، خەلیل نادری وتی: "داواکارییەکانی ئێران هەر ماون و کۆتای‌یان نەهاتووە، بەڵام ئێمە وەک حزبە کوردییەکان پابەندبوونی خۆمان بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و یاساکانی دووپات دەکەینەوە و هیچ کارێک ناکەین کە زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت."
ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه ئه‌مڕۆ عه‌لی لاریجانى، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نى باڵای ئاسایشی نیشتمانى ئێران، به سه‌ردانێك گه‌یشته به‌غداى پایته‌ختى عێراق، به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسه ئاسایشییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و هه‌روه‌ها واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌یه‌كى نوێی ئه‌منیی، كه هێشتا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كراوه.
حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بەهۆی فشاری سیاسی و سەربازیی ئێرانەوە، بنکە و بارەگایان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندینجار بوونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران.