ساڵەح موتڵەگ بۆ په‌نجه‌ره‌: دەبێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەجۆرێک چارەسەر بکرێن كه‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌

١١ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

ساڵەح موتڵەگ بۆ په‌نجه‌ره‌: دەبێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەجۆرێک چارەسەر بکرێن كه‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌

په‌نجه‌ره‌

ساڵەح موتڵەگ، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەسایەتیی دیاری سیاسیی سوننە، هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەردوو لا و عێراق بەگشتی ڕووبەڕووی "زیانی گەورە" دەکاتەوە. هاوکات جەخت لە پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و کۆتایی دەکاتەوە کە "بوار بۆ پاشگەزبوونەوەی هیچ لایەک نەهێڵێتەوە."

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە، موتڵەگ ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تێکەڵەیەکن لە کێشەی "کۆن و نوێ" کە ساڵانێکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. ئەم کێشانە پرسی بودجە و مووچە، یاسای نەوت و گاز، چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی ماددەی 140ـى دەستوور، هەروەها بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی لەخۆدەگرن، کە بوونەتە هۆی گرژیی بەردەوام لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا.

بە بڕوای موتڵەگ، ئەگەر ئەم ناکۆکییانە بەردەوام بن، نەک تەنها هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت. وتیشی: "لۆژیک پێمان دەڵێت، دەبێت لایەنەکان ڕاستگۆیانە و بە جددی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە ناوبەناو سەرهەڵدەدەنەوە."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرەکان نابێت کاتی و بەش به‌ش بن، بەڵکو دەبێت ستراتیژی و هەمەلایەنە بن. وتی: "پێویستە کێشەکان بەجۆرێک چارەسەر بکرێن، کە هیچ بوارێک بۆ پاشگەزبوونەوە یان دووبارە سەرهەڵدانەوەیان نەمێنێتەوە." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی پێشوو کە زۆرجار بەهۆی گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانەوە پێشێلکراون.

جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کلیلی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشە، هەروەها ڕێگە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پرۆسەی بونیادنانەوە لە سەرانسەری وڵاتدا خۆش دەکات، کە ئەمەش "بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە."

لەکۆتاییدا، ساڵەح موتڵەگ بانگەوازی بۆ دانوستانێکی ڕاستگۆیانە و جددی کرد بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون و پابەندکەر بۆ هەموو لایەنەکان، تاوەکو عێراق بتوانێت لە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان دەربازی بێت و وه‌كخۆی وتى: "بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو