سەرکردەیەکی تورکمان: حەلبوسی گوند بە گوندی کەرکوک دەگەڕێت و پارەیەکی زۆری هەڵڕشتووە
١٢ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٤٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرکردەیەکی سیاسی تورکمان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم ماوەی هەفتەیەکە لە کەرکوکە و "پارەیەکی زۆری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵڕشتووە."
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حەلبوسی جگە لە کەرکوک و حەویجە، گوند بە گوند دەگەڕێت و پاڵپشتی لیست و کاندیدەکانی دەکات، پارە و ئیمتیازێکی زۆری هەڵڕشتووە.
وتیشی: وێنەکانی حەلبوسی لە ڕێگەی تازە خورماتووەوە تا بەردەم بینای پارێزگا هەڵواسراون.
بەپێی وتەی سەرکردە تورکمانییەکە، جوڵەی حەلبوسی لە کەرکوک لەکاتێکدایە، هێشتا کورد و تورکمان نەجوڵاون، ئەمەش تێڕوانینێکی وای دروستکردووە کە لە ئێستاوە عەرەب بە بە هێزیی هاتووەتە نێو گۆڕەپانەکەوە.
عەرەب لە کەرکوک بە چوار لیستی سەرەکی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، دیارترینیان لیستی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی حەلبوسی و لیستی سەروەرییە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، کە رکابەری بەهێزی یەکترین.
نەجات حسێن، دەڵێت: حەلبوسی چەند بجوڵێت و چەند پارە خەرج بکات، تەنها دەتوانێت لە گۆڕەپانی عەرەبیدا یاری بکات، چونکە کورد و تورکمان دەنگ بە کاندیدی عەرەب نادەن.