پسپۆڕێکی هەڵبژاردن: یاسای نوێی هەڵبژاردن به قازانجی یه‌كێتى و پارتى و نه‌وه‌ى نوێیه
١٢ ئاب ٢٠٢٥ - ٦:١٠ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
لە کاتێکدا عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە دەکات، پسپۆڕێکی بواری هەڵبژاردن باس له‌وه‌ده‌كات یاسای هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره و بەتایبەتی سیستمی دابەشکردنی کورسییەکان، گورزێکی گەورە لە حزبە بچووکه‌كان و به‌ڕێژه‌یه‌ك كه‌متر له حزبه مامناوه‌ندییه‌كان دەدات، له‌به‌رامبه‌ردا حزبه‌كانى وه‌كو: پارتى، یه‌كێتى و نه‌وه‌ى نوێ، سودی لێده‌بینن.
ئارام جەمال، پسپۆڕی دیاری بواری هەڵبژاردن، به په‌نجه‌ره‌ى راگه‌یاند: سیستمی "سانت لیگۆ"ـى هه‌مواركراوى (1.7) كه بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كاریپێده‌كرێت، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەکانى هه‌رێمى كوردستاندایە له پارێزگاكانى هه‌رێم، ئەم مۆدێلە وا دەکات دەنگە پەرتوبڵاوەکانی حزبە بچووکەکان و کاندیدە سەربەخۆکان بە فیڕۆ بڕۆن و لە کۆتاییدا بخرێنە سەر سەبەتەی دەنگی حزبە گەورەکان.
بەپێی شرۆڤەکەی ئارام جەمال، لیستە بچوك و كاندیده سەربەخۆکان چانسی دەرچوونیان زۆر كه‌مه، ئەو حزبانەشی کە پێشتر خاوەنی چەند کورسییەکی کەم بوون، ئەگەری زۆرە بەشێک لە کورسییەکانیان لەدەست بدەن. ئەو وەک نموونە ئاماژەی بەوە کرد کە حزبێک ئەگەر پێشتر چوار کورسی هێنابێت، لەم هەڵبژاردنەدا ڕەنگە تەنها دوو کورسی یان کەمتر بەدەست بهێنێت.
پەرتکردنی دەنگەکان لە فرەبازنەییدا
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی حزبە بچووکەکان، دابەشکردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا (هەولێر، سلێمانی و دهۆک).
ئارام جەمال جەختی لەوە کردەوە کە ئەم فرەبازنەییە دەبێتە هۆی زیاتر پەرتکردنی دەنگى حزبه بچوك و مامناوه‌ندییه‌كان، لە کاتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان یەک بازنە بوایە، شیاوی کۆکردنەوەی دەنگەکانیان لە سەرانسەری هەرێمدا زیاتر دەبوو، بەڵام ئێستا ناچارن لە هەر بازنەیەکدا بە جیا کێبڕکێ بکەن، کە ئەمەش توانای گەیشتن بە ڕێژەی پێویستی دەنگ بۆ بردنەوەی کورسی، زۆر قورس دەکات.
ئەو وتی: "ئەم یاسایە ڕێک لە خزمەتی حزبە گەورەکاندایە، دواتر بە ڕێژەیەکی کەمتر لە خزمەتی حزبە مامناوەندەکاندایە، بەڵام حزبە بچووکەکان بە تەواوی دەخزێنێتە خوارەوە."
پێیشیوایه ئه‌م مۆدێله به پله‌ى یه‌كه‌م له به‌رژه‌وه‌ندی پارتى و یه‌كێتى و به‌دواى ئه‌وانیشدا نه‌وه‌ى نوێیه.
هاوپەیمانێتی؛ تاکە ڕێگەچارەیەک کە نه‌گیرایه‌به‌ر
ئارام جەمال، پێیوایە باشترین ستراتیژ بۆ حزبە بچووکەکان و لایەنە نوێیەکان ئەوە بوو کە هاوپەیمانێتییەکی بەهێزیان پێکبهێنایە بۆ ئەوەی بتوانن دەنگەکانیان یەکبخەن و پێکەوە کورسی بەدەست بهێنن، بەڵام وەک دەردەکەوێت، حزبە کوردییەکان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە.
په‌نجه‌ره پێشتر له ڕاپۆرتێكیدا دیوی پشته‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانى هه‌رێمى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى و به‌ره‌یه‌كى هاوبه‌ش ئاشكرا كرد، به‌ڵام وه‌ك له ده‌ره‌نجامدا ڕاپۆرته‌كه پێیگه‌یشتوه، "خۆپەرستیی سیاسی، نەبوونی متمانە، ململانێی شەخسی و دەستێوەردانی دەرەکی"، رێگه‌ى نه‌دا ئه‌و هاوپه‌یمانێتى و به‌ره هاوبه‌شه له‌دایك ببێت.