کامیل ساڵەیی بۆ پهنجهره: زوڵمێکی گەورەم لێکراوە كه له ههڵبژاردن دوورخراومهتهوه
١٢ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
کامیل ساڵەیی، قایمقامی پێشووی ناوەندی کەرکوک، بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، بە "زوڵمێکی گەورە" ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت کە سەرقاڵی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییە بۆ تانەدان لە بڕیارەکە.
ساڵەیی لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "زوڵمێکی گەورەم لێکرا، خۆشیان نازانن لەسەر چی منیان دوورخستووەتەوە، چونکە هیچ بڕگە و ماددەیەکی یاسایی نامگرێتەوە کە ڕێگر بێت لە خۆکاندیدکردنم."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە تەنانەت کۆمیسیۆنیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو هۆکارانەی بەپێی یاسا دەبنە ڕێگر لەبەردەم کاندیدان، لە کەیسی ئەودا بوونیان نییە.
وتیشی: "کۆمیسیۆن پێیان ڕاگەیاندم، ئەو بڕگە و ماددانەی کە خەڵکی پێ لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە، ناتگرێتەوە. نە مەسەلەی شەرەفم لەسەرە، نە تۆمەتی کوشتن، نە گەندەڵی، هیچم لەسەر نییە، بۆیە نازانم بۆچی دوور خراومەتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری بوونی پاڵنەری سیاسی لە پشت بڕیاری دوورخستنەوەیەوە، قایمقامی پێشووی کەرکوک خۆی لەوە بەدوور گرت کە هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات و تەنها وتی: "ناڵێم دەستی سیاسی، من ئەو لێدوانە نادەم."