"شەڕی بێدەنگ".. په‌رله‌مانتارێك: ماده‌ى هۆشبه‌ر چووه‌ته‌ نێو خوێندنگه‌كانیشه‌وه‌

١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١:١٠ پاش نیوەڕۆ

"شەڕی بێدەنگ".. په‌رله‌مانتارێك: ماده‌ى هۆشبه‌ر چووه‌ته‌ نێو خوێندنگه‌كانیشه‌وه‌

په‌نجه‌ره‌

په‌رله‌مانتارێك ڕایدەگەیەنێت، ماددەی هۆشبەر گەیشتووەتە نێو خوێندکارانی ناوەندیی و ئامادەیی و زانکۆکانی عێراق و بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە، پێیشیوایه‌ خراپی بارودۆخی ئەمنی هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە.

عەدنان جحێشی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ماددەی هۆشبەر بەڵایەکی مەترسیدارەو هاتووەتە نێو ماڵەکانمان بە بێ ڕوخسەت، ماددەی هۆشبەر لە نێو خوێندکاران دا زۆر بە مەترسیداری بڵاوبووەتەوە."

دەشڵێت: "لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، دەستگیراوە بەسەر چوار تۆن ماددەی هۆشبەرو 15 تۆن ماددەی کارتێکەری عەقڵیدا، ئامارەکان زۆر مەترسیدارن."

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم، لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2024، 816 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکراون، کە 435 کەسیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرو ئەوانیتر بازرگان بوون.

ڕۆژی 22ـى مانگی 11ـى 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "تەحەدیات زۆرن و هێشتا تیرۆر تەحەدایەکی گەورەیە، بەڵام بەلای منەوە تەحەدای ئێستا لەهەمووی گەورەترە، کە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە و لەهەموو شت مەترسیدارترە."

هەروەها وتیشی: "بەداخەوە لە زۆر لا دەسەڵاتداران بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەپۆشن و کارخانە بۆ دروستکردنی ئەم ماددانە دادەنرێت، ئازادانە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرێت، ئەمە مەترسی گەورەو کوشتنی نەتەوەیە."

ئەو جۆرانەی ماددەی هۆشبەر کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوەو بازرگانییان پێوەدەکرێت، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، کریستاڵ و دەرمانی بێهۆشکەرن، سەرچاوەی هاوردەکردنیشیان بە زۆری وڵاتی ئێرانە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی، عێراق و هەرێمی کوردستان بوون بە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و پاکستان و وڵاتانی ترەوە بەرەو ئەوروپا، عێراق و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێن.

عەدنان جحێشی دەڵێت: "هۆکار زۆرە بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە تایبەت دۆخی ئەمنی عێراق خراپە، سنورەکان واڵاو کراوەن."

خراپی دۆخی ئەمنی، کراوەیی سنورەکانی عێراق، هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و ناهۆشیاری رێژەیەکی زۆری گەنجان بە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی پەنجەی تۆمەتیش بۆ هەندێک لە دەسەڵاتداران درێژ دەکرێت و تۆمەتباردەکرێن بە بازرگانیکردن پێوەی.

لە کۆتایی مانگی 4ـى 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە گوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرت، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم کارگەی بەرهەمهێنانی کریستاڵ بووە

بەبڕوای شارەزایانی بواری ئەمنی، گەر بەر بە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر نەگیرێت و دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، پێدەچێت بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر ببنە گروپ و بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری کۆمەڵایەتیش بخەنە مەترسییەوە.

ڕۆژی 14ـى حوزه‌یرانى 2014، کاتێک هێزێکی ئەمنی هەوڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان لەناو شاری سلێمانی دا، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا ڕوویداوە و کارمەندێکی ئاسایش و بازرگانەکەش برینداربوون، کە دەوترێت 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری پێبووە.

پلەدارێكی باڵای پۆلیس کە شارەزای بواری ماددەی هۆشبەرە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لەهەندێک ناوچەی خوارووی عێراق باندی ماددەی هۆشبەر دروست بوون و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە، گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت مەترسی ئەوەش هەیە ئەو باندانە لەهەموو ناوچەیەک دروست ببن و دۆخی ئەمنی تێکبدەن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو