بۆ مسۆگەرکردنی شایستەکانیان کۆمپانیا نەوتییەکانى هه‌رێم داوای هەژمارێکی بانکیی تایبەت دەکەن

١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١:١١ پاش نیوەڕۆ

بۆ مسۆگەرکردنی شایستەکانیان کۆمپانیا نەوتییەکانى هه‌رێم داوای هەژمارێکی بانکیی تایبەت دەکەن

په‌نجه‌ره‌

هێشتا هەرێمی کوردستان و عێراق کێشەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە گرێبەستی نەوتییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، پسپۆڕێكیش ده‌ڵێت: كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان داوا ده‌كه‌ن پاره‌ى هه‌قی خۆیان بخرێته‌ هه‌ژمارێكى بانكی بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا بن.

کۆمپانیا نەوتییەکان بە دوو ئاراستە سەرقاڵی دانوستان و گفتووگۆن، ئاراستەیەک لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ئاراستەکەی تر لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، لەهەندێک بواردا رازیکراون، بەڵام لەهەندێک مەسەلەی تردا هێشتا گرفتییان هەیە.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌نجه‌ره‌، کۆمپانیاکان دواجار لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێککەوتوون ئەو 16 دۆلارەی لەهەندێک کێڵگە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت وەریدەگرن و بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە کەمتری تێدەچێت، لە کێڵگەکانی تر خەرجی بکەن کە بەرهەمهێنانی نەوت زیاتری تێدەچێت، بۆ نموونە بەرهەمهێنانی نەوت لە خورمەڵە کەمتر لە 8 دۆلاری تێدەچێت، لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی سەرسەنگ و شێخان سەرووی 20 دۆلاری تێدەچێت.

ئەم ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان بۆ ئەو مەبەستەیە، گەر کۆمپانیاکان یەکەم قۆناغی پارەیان لە وەزارەتی نەوت وەرگرت بەو جۆرە دابەشی بکەن، تا ئەوکاتەی کۆمپانیای (ود ماکنزی) دەست بەکار دەبێت خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان دەکات.

محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کۆمپانیاکان دەیانەوێت گەرەنتی ئەوە بکەن، گەر هەرێم و بەغدا نێوانیان تێکچوو، ئەوان ڕانەوەستن و ئیشی خۆیان بکەن، بەردەوام وەزارەتی نەوت پارەیان پێبدات."

بەپێی هاوکێشەکان، دەبێت لایەنی هەرێم و بەغداو کۆمپانیاکان پێکەوە کاربکەن، وەزارەتی نەوت پارە بە کۆمپانیاکان بدات، کۆمپانیاکانیش نەوت بەرهەمبهێنن، حکومەتی هەرێمیش داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەستی عێراق بکات.

محەمەد حسێن دەڵێت: هەر لایەک گرفت دروست بکات، رێککەوتنەکە شکست دەهێنێت، بۆیە کۆمپانیاکان دەیانەوێت لە حاڵەتی دروستبوونی گرفتدا ئەوان بەردەوام بن و ئیشی خۆیان بکەن، بەڵام ئەمەیان گرەنتی نەکردووە.

هەروەها وتیشی: "کۆمپانیاکان دەیانەوێت هەژمارێکی بانکی هەبێت و پارەکانیان بخرێتە ئەو هەژمارە تا پارەکانیان مسۆگەر بکەن، ئەمەش هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو