زانیاریی لەبارەی ئەو 4 دۆسییەی دژی شاسوار عەبدولواحید جوڵێنراون
١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:١٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نالیا ئاشکرای دەکات ئەو چوار دۆسییەی دژی شاسوار عەبدولواحید- سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی کۆمپانیای نالیا جوڵێنراوە، دوانی پەیوەندیی بە پارتییەوە هەیە و دانەیەکی بە حکومەت و یەکێکیشی ئەوەی پەرلەمانتار شادی نەوزادە.
دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەلایەن پەنجەرەوە لەبارەی ڕووداوی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نالیا کە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی دەکات، پەیوەندیی بە پەنجەرەوە کرد و ڕوونکردنەوەی دا لەبارەی ئەو دۆسێیانەی پێی ڕاگیراوە.
سەرچاوەکە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، ڕوونیکردەوە: چوار سکاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید "زیندووکراونەتەوە"، دوان لەوانە پەیوەندییان بە پارتییەوە هەیە کە یەکێکیان سکاڵای کاندیدێکی ئەو حزبەیە بەتۆمەتی دڕاندنی فلێکسی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەبەردەم گوندی ئەڵمانی، دووەمیشیان کاندیدێکی تری پارتییە لەسەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید لە گوتارێکیدا وتوویەتی "ئەوەی کەرامەتی هەبێت نابێتە کاندیدی دەسەڵات".
سەرچاوە بەرپرسەکەی کۆمپانیای نالیا، لەبارەی دۆسییەی سێیەمیشەوە وتی: سکاڵایەکی حکومەتی هەرێمە لە کاتی کەرەنتینەی کۆرۆنا کە شاسوار عەبدولواحید دژی کەرەنتین بووە.
هەرچی سکاڵای چوارەمیشە، ئەوەی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێیە کە دواتر چووە ڕیزەکانی یەکێتییەوە.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نالیا، پێیوابوو "سکاڵاکان بە ئەنقەست بەمجۆرە جوڵێنراون، بۆ ئەوەی پارتیش نەتوانێت داکۆکی لەناوبراو بکات."
شاسوار عەبدولواحید، شەوی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی سلێمانی، دەستگیرکرا و گوازرایەوە گرتووخانە، وەک باسکرا ناوبراو بە 6 مانگ زیندانیی لەسەر دۆسییەی پەرلەمانتاری پێشوو: شادی نەوزاد، حوکمدراوە.