ئەندامێکی دامەزرێنەرى گۆڕان: یەکێتی و پارتی ڕۆڵی فیتنە لهنێوان گۆڕان دا دەگێڕن
١٤ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:٢١ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لە کاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان دەبینرا، بە قۆناغێکی چارەنووسسازی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت و مەترسیی لێکترازانی یەکجارەکیی لەسەرە، ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەکەش ئاشکرای دەکات، یەکێتیی و پارتی "ڕۆڵی فیتنەیی" لە قووڵکردنەوەی کێشەکاندا دەگێڕن، بەڵام بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی گۆڕان خۆی.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا وەک هێزێکی سیاسیی کاریگەر و بەڵێندەر بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دامەزرا، ئێستا لەبەردەم قەیرانێکی ناوخۆیی قووڵدایە.
سەفین مەلا قەرە، کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەکە و ئەندامی پێشووتری خانەی ڕاپەڕاندن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "دەسەڵات (مەبەست لێی یەکێتی و پارتییە) ڕۆڵی فیتنەیی و نائومێدکردنی خەڵک لە گۆڕان دەگێڕێت، بەڵام کێشەکە خەتای گۆڕانی زیاتر تێدایە."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەکە بۆ دوو باڵی ناکۆک دابەش بووە:
باڵی گردی زەرگەتە: کە بە باڵی "چیای نەوشیروان مستەفا"، کوڕی دامەزرێنەری بزووتنەوەکە دادەنرێت، بارەگا سەرەکییەکەی مێژوویی بزووتنەوەکەی لە گردی زەرگەتە بەدەستەوەیە.
باڵی کوردسات: کە لەلایەن "دانا ئەحمەد مەجید" و ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی دیکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بارەگایەکیان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی کردووەتەوە.
هەردوو باڵەکە خۆیان بە میراتگری ڕاستەقینەی گۆڕان دەزانن و بە ناوی بزووتنەوەکەوە کار دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئۆرگانە حزبییەکانی وەک جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەش ببن.
ململانێ لەسەر شوناس و یاساییبوون
کێشەکە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی یاساییشی وەرگرتووە. تا ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکانەوە یەکلایی نەکراوەتەوە کە کام باڵ شەرعییەتی بەکارهێنانی ناوی "بزووتنەوەی گۆڕان"ـی هەیە.
پێشتر لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کۆمیسیۆن کۆنفرانسێکی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو باڵەکە ڕێکخست، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە، کۆنفرانسەکە بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات و گرێکوێرەکەی ئاڵۆزتر کرد.
سەفین مەلا قەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکیی ڕێکنەکەوتنی ناوخۆیی خودی گۆڕانەکانن و دەڵێت: "کاتێک گۆڕان لەناو خۆیدا یەک دەنگ و یەک ڕیز نییە، بێگومان دەسەڵاتیش ئەو بۆشاییە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت."
پرشنگی هیوا بۆ چارەسەر
لەگەڵ هەموو ئەم ناکۆکیانەدا، هەوڵەکان بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی بەردەوامن. سەفین مەلا قەرە ئاشکرای کرد کە "هەوڵێک لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی ناو گۆڕانەوە لە ئارادایە، بۆ ئەوەی گرێ کوێرەی کێشەکان بکرێنەوە و چارەسەر بکرێن."
ئەو هیوای خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە نیشان دا و وتیشی: "جوانترین خاڵ ئەوەیە کە کێشەکانی ناو گۆڕان لەسەر تەماع و پارە و پۆست نین، بۆیە ئەگەری چارەسەرکردنیان هەیە."
کاریگەریی لەسەر دیموکراسی و هەڵبژاردن
دابەشبوون و لاوازبوونی گۆڕان، کە سەردەمانێک هیوا و متمانەی بەشێکی زۆری شەقامی کوردی لەسەر بوو، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە.
بە بڕوای مەلا قەرە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای هەرێم لاوازن و نەیانتوانیوە ببنە جێگرەوەیەکی بەهێز، ئەمەش وایکردووە خەڵک نائومێد بێت و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا کەم بێت. وەکخۆی دەڵێت: "خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خەباتی پەرلەمانی و سندوقی دەنگدان، گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەدوای خۆیدا ناهێنێت."