پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه بۆ په‌نجه‌ره: هه‌نگاوى داهاتوومان قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌یه
١٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٥٦ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دانپێدانان بە هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای فیدراڵی، به "وەرچەرخانێکی گەورە و قەرەبوویەکی مەعنەویی" ده‌زانێت، جه‌ختیشده‌كاته‌وه هه‌نگاوی داهاتوویان كاركردنه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانیانى ساڵی 1988ـی شاره‌كه.
نوخشە ناسح، به په‌نجه‌ره‌ى راگه‌یاند: بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015 بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، هەنگاوێکی گرنگ بووە و بووەتە هۆی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی کاریگەر و تەواوبوونی نزیکەی %100ـى ژێرخانی کارگێڕیی پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەرێم.
هاوكات بڕیاری ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقی بۆ دانانى شاره‌كه به پارێزگا، بە "قه‌ره‌بوویه‌كى مەعنەویی" ناوبرد لە پای ئەو کارەساتانەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە بەتایبەتی کیمیابارانی ساڵی 1988. وتی: "ئەم بڕیارە دوای 10 بۆ 15 ساڵ لە هەوڵدان، بۆ کەسوکاری شەهیدان زۆر زۆر گرنگ بوو، بۆیە دەستخۆشیمان هەیە بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی هاوکاربوون لە دەرکردنیدا."
لەبارەی ڕەهەندە کارگێڕییەکانەوە، نوخشە ناسح ڕوونیکردەوە کە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق ناسێنراون و ئێستا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی کار لەسەر تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکان دەکەن. وتیشی: "یەکێک لە کارەکانمان بریتییە لە بەهێزکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە فیدراڵییانەی کە لە هەڵەبجە بوونیان هەیە، لە ڕووی لۆجستی و دابینکردنی میلاکی پێویستەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشەوە."
پارێزگاری هەڵەبجە دووپاتیکردەوە کە دوو ئامانجی سەرەکییان لە قۆناغی داهاتوودا هەیە: کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدانی ساڵی 1988 کە وه‌كخۆی وتى "بە کاری یەکەمی" خۆیانی دەزانن"، له‌گه‌ڵ بوژاندنەوەی کەرتی وەبەرهێنان و هێنانی دامەزراوەی جیاوازی حکومەتی فیدراڵی بۆ پارێزگاکە.
نوخشە ناسح، هه‌روه‌ها هیواشی خواست کە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت لە پرسی بودجە و مووچەدا چارەسەر بکرێن، چونکە پێی وایە: "ئەوکات پشکی شێر لە بوژانەوە و تەواوکردنی ڕێکارەکاندا بەر پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێت."