"ڕێگه‌ى چونه‌ نه‌خۆشخانه‌شیان پێنادرێت".... کەمپی مەخمور لەژێر گەمارۆیەکی توند دایە

١٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٥٧ پاش نیوەڕۆ

"ڕێگه‌ى چونه‌ نه‌خۆشخانه‌شیان پێنادرێت".... کەمپی مەخمور لەژێر گەمارۆیەکی توند دایە

په‌نجه‌ره‌

فەرماندەی هێزێکی خۆبەخش لە چیای قەرەچوغ ڕایدەگەیەنێت، سوپای عێراق فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەمپی مەخمور و ڕێگری لە هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکات، بەجۆرێک کە تەنانەت نەخۆشەکانیش ناتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە چیای قەرەچوغ و مەخمور، هۆشداری دەدات لە توندبوونەوەی فشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کەمپی مەخمور و ڕایدەگەیەنێت کە دانیشتووانی کەمپەکە لە "دۆخێکی مرۆیی زۆر قورس"دا ژیان بەسەر دەبەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ په‌نجه‌ره‌، غازی فەیسەڵ وردەکارییەکانی ڕوونکردەوە و وتی: "سوپای عێراق لە دەوروبەری کەمپی مەخمور ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر و ڕێگە نادات کەس هاتوچۆی ناو کەمپەکە بکات. هەر دانیشتوویەکیش بۆ کڕینی پێداویستی بڕواتە دەرەوە، ناسنامەکەی لێ وەردەگیرێت."

ئەم فشارانە لە کاتێکدایە کە پێشتر تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد گوایە کەمپەکە چەکداری تێدایە. بەڵام غازی فەیسەڵ ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هێزێکی عێراق هات و لەگەڵیاندا ڕۆیشتم، هەموو ناوچەکەمان پشکنی و هیچ چەکێکی لێ نەبوو."

فەیسەڵ هەروەها وتەکانی دانیشتووانی کەمپەکەشی گواستەوە کە جەختیان لەوە کردووەتەوە، "هەرچەندە ئێمە ئاپۆ (عه‌بدۆلڵا ئۆج ئالانی ڕێبه‌رى په‌كه‌كه‌)ـمان خۆشدەوێت و کەسوکارمان لەنێو پەکەکەدایە، بەڵام خۆمان هیچ جۆرە چالاکییەکمان نییە." ئەوان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە لە ماوەی 27 ساڵی تەمەنی کەمپەکەدا، هیچ  کێشەیەکی ئەمنی ڕووی نەداوە.

فەرماندەکەی هێزی خۆبەخشی قەرەچوغ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە، دانیشتووانی کەمپەکە ئێستا لە دۆخێکی مرۆیی ئێجگار سەختدان و تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت بۆ چارەسەری پزیشکی و سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان بچنە شارەکانی دیکە.

پێشتریش، بێوار ئەمین، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ساڵە مۆڵەتی مانەوەمان به‌سه‌رچووه‌ و عێراق هەر جارەو بە بیانوویەک نوێی ناکاتەوە، ئەمەش وایکردووە خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستییەکانمان وەکو پێویست نەبێت و ناشتوانین ئیشوکار بکەین.

کەمپی مەخمور لە ساڵی 1998 بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ڕەزامەندی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بۆ كوردانى باكوور دامەزراوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە نزیکەی نۆ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو