هەرێم هەنگاوە کردارییەکانی هه‌نارده‌كردنى نه‌وت دەستپێده‌كات و له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كۆده‌بێته‌وه
١٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٧:٤٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات حکومەتی هەرێمی کوردستان "کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز" لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئه‌نجام ده‌دات به‌مه‌به‌ستى ده‌ستكردنه‌وه به هه‌نارده‌ى نه‌وت، پەرلەمانتارێکی کوردیش جەخت لە "جددیەتی هەرێم" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه به مه‌رجى ئاماژه نه‌دان به ناوی قسه‌ى بۆ په‌نجه‌ره كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەم نزیکانەدا لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنی نەوت کۆدەبێتەوە به‌مه‌به‌ستى تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم.
دەشڵێت: "پێدەچێت لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 170 هەزار بەرمیل نەوتى هه‌رێم ڕادەستی عێراق بکرێت، ئەگەر پێشهات و گرفتی تر ڕوونەدات، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو پرۆسەکە دەستپێبکات."
هاوکات گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم ئەم هەنگاوە، دڵنیاکردنەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانە. ئەو کۆمپانیایانە داوای گەرەنتیی دارایی و یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت و کێشە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەت کاریگەری لەسەر کارەکانیان نەکات. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵیاندا، تەرخان بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم نیگەرانییانە.
لەوبارەیەوە، شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، جددیەتی هەرێمی بۆ گەیشتن بە چارەسەر دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین تا ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێم ڕادەستی دەکات."
ناوبراو هۆکاری پەلەکردن و جددیەتی هەرێمی بۆ فشارە ناوخۆییەکان گەڕاندەوە و وتی: "خەڵک ماندووە و هەڵبژاردنیش لە پێشە، هەرێم خەمی ڕێککەوتن و دابینکردنی مووچەیەتی، بۆیە بۆ ڕێککەوتن زۆر جددییە."
كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم، دوای ئەوە دێت کە ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌زاره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقی گه‌یشتنه ڕێكه‌وتنی كۆتایی بۆ هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ى كۆمپانیای به بازاڕكردنى نه‌وتی عێراق "سۆمۆ"ـوه.