تورکمانەکانی کەرکوک بە دوو لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن 

١٦ ئاب ٢٠٢٥ - ١:٤٩ پاش نیوەڕۆ

تورکمانەکانی کەرکوک بە دوو لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن 

پەنجەرە

پێکهاتەی تورکمان بە دوو لیستی سەرەکی و جیاوازەوە كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر مه‌زهه‌بێكدا، دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك، سەرکردەکانیشیان هیواخوازن ژمارەی کورسییەکانیان بەراورد بە خولی پێشوو زیاد بکەن.

لیستی یەکەمیان "بەرەی تورکمانی"ـە کە بەشێوەیەکی گشتی نوێنەرایەتی تورکمانە سوننەکان دەکات، هەرچەندە چەند کاندیدێکی شیعەشی تێدایە. لیستی دووەمیش "هاوپەیمانی تورکمانی یەکگرتوو"ـە کە نزیکە لە هێزە شیعەکانی عێراق و زۆرینەی تورکمانە شیعەکان لەخۆدەگرێت.

ئەم دابەشبوونە ڕەنگدانەوەی لەسەر جوگرافیای نیشتەجێبوونی تورکمانەکانیش هەیە؛ تورکمانە شیعەکان زیاتر لە باشووری کەرکوک نیشتەجێن، وەک قەزای داقوق، ناحیەی تازەخورماتوو و گوندی بەشیر، لەکاتێکدا تورکمانە سوننەکان لە ناوەندی شار و ناوچەکانی پردێ و ڕۆژئاوای کەرکوک چڕبوونەتەوە.

نەجات حسێن، سەرکردەی دیاری تورکمانی شیعە لە کەرکوک، لە لێدوانێکدا بۆ "پەنجەرە" ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دابەشبوونە مەزهەبییە دیاردەیەکی نوێیە و وتی: "جاران لە هەڵبژاردنەکاندا مەزهەبگەری ئەوەندە ڕوون نەبوو، بەڵام ئێستا عێراق وردە وردە بەرەو مەزهەبگەرایی دەڕوات."

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، سەرەڕای دابەشبوونیان، تورکمانەکان توانییان دوو کورسی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک بەدەستبهێنن. "بەرەی تورکمانی" بە بەدەستهێنانی 72 هەزار دەنگ کورسییەکی مسۆگەر کرد، هاوکات تورکمانە شیعەکانیش بە کۆکردنەوەی زیاتر لە 25 هەزار دەنگ، کورسییەکی دیکەیان بەدەستهێنا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەیەکی تورکمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێکهاتەکەیان لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە کۆی نزیکەی 97 هەزار دەنگ دوو کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام پێیوایە دەیتوانی دەستکەوتی زیاتری هەبێت ئەگەر دەنگەکانیان یەکخراو بوونایە.

هەمان سەرچاوە گەشبینی خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە نیشاندا و وتیشی: "ئێمە پێشبینی دەکەین ئەمجارە 3 بۆ 4 کورسی بەدەستبهێنین، چونکە بە دیراسە و پلانی ورد کاردەکەین بۆ ئەوەی دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچن و قورسایی سیاسی خۆمان زیاتر بکەین."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو