یەکێتی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنى گرژییه‌كه‌ى كه‌ركوك ده‌دات و لێدوان له سه‌ركرده‌كانى قه‌ده‌غه ده‌كات
١٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٤١ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كه‌وتووه‌ته هه‌وڵێكى چڕ بۆ هێوركردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركوك و ڕه‌واندنه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانى لایه‌نى عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌ش پاش لێدوانه‌كه‌ى ئه‌ندامێكى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌باره‌ى پۆستى پارێزگاری شاره‌كه‌وه. یه‌كێتى لێدوانى له ئه‌ندامه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قه‌ده‌غه كردووه.
لێدوانێكى ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتی، قه‌یرانێكى له‌و پارێزگایه درووستكردووه، كاتێك هه‌فته‌ى ڕابردوو ڕایگەیاند: "هیچ دەقێکی نووسراو نییە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە دوای دوو ساڵ لە نێوان یەکێتی و عەرەبی سوننەدا ئاڵوگۆڕی پێبکرێت."
ئەم لێدوانە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی توندی لایەنە عەرەبییە سوننەکانی لێکەوتەوە، کە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوکیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا بنیاتناوە. بە بڕوای ئەوان، لێدوانەکەی کەرکوکی بە واتای پاشگەزبوونەوەی یەکێتی دێت لەو بەڵێنەی کە بنەمای سەرەکیی هاوپەیمانییەکەیانە.
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کانوونی یەکەمی 2023 کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 18 ساڵدا ئەنجامدرا، لایەنەکان کەوتنە گفتوگۆیەکی درێژخایەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی. دواجار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی عەرەبی سوننە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سیاسی کە پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی دوو ساڵی یەکەم بدرێتە کورد (ڕێبوار تەها لە یەکێتی) و دوو ساڵی دواتر بدرێتە کاندیدێکی عەرەبی سوننە.
سەرچاوەیەکی باڵا لەناو یەکێتیی نیشتمانی لە کەرکوک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە په‌نجه‌ره‌ى ڕاگەیاند: "ئەو لێدوانە دۆخێکی نەخوازراوی دروستکردووە کە بە ئاسانی هێور نابێتەوە. سەرکردایەتیی یەکێتی زۆر لەو ئەندامەی ئەنجومەن تووڕەیە و ئێستا لەسەر ئاستی باڵا هەوڵی جیددی دەدرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بارگرژییەکە لەگەڵ هاوپەیمانە سوننەکانمان."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد کە فەرمان کراوە هیچ بەرپرسێکی دیکەی حیزبەکە لەسەر ئەم پرسە قسە نەکات بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت. وتیشی: "لێدوانەکە عەرەبەکانی زۆر 'ئیستیفزاز' کردووە، بەتایبەت کە ئەوان لەناوخۆیاندا ناکۆکییان هەیە و هەندێکیان ئەمەیان وەک کارتێک دژی یەکتری بەکارهێناوە."
لە وەڵامی لێدوانەکەی ئەحمەد کەرکوکیدا، محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عەرەبی سوننە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "ماوەی پارێزگاریی ڕێبوار تەها لە شەوی 31ـى کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتایی دێت." ئەمەش وەک جەختکردنەوەیەک لێکدەدرێتەوە لەسەر پابەندبوونی لایەنی عەرەبی بە وادەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکەوە.
لێدوانەکەی ئەندامەکەی ئەنجومەنى پارێزگاى كه‌ركوك، ئەو متمانەیەی خستووەتە مەترسییەوە كه له‌نێوان یه‌كێتی و لایه‌نى عه‌ره‌بی درووست بوو و پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێی پارێزگاكه‌ى لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه گرژیی تێكه‌وتووه و چارەنووسی ئیدارەی کەرکوک و پۆستی پارێزگاره‌كه‌ى بەندە بەوەی کە ئایا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی دەتوانن ئەو درزە سیاسییە گەورەیە پڕبکەنەوە یان نا.