ئیبراهیم خەلیل لە پێشەنگدایە.. داهاتی دەروازە سنوورییەکان دابه‌زیوه و "قاچاخچێتی" زیانی گەورەی لێداوە
١٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٦:٠٣ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
په‌نجه‌ره نوێترین زانیاریی له‌باره‌ى داهاتى دەروازە سنوورییە فه‌رمییه‌کانی هەرێمی کوردستان بڵاوده‌كاته‌وه، كه ئیبراهیم خه‌لیل زۆرترین داهاتى هه‌یه و به‌دواى ئه‌ویشدا په‌روێزخان، پەرلەمانتارێکیش باس له‌وه‌ده‌كات قاچاخچێتى داهاتى ده‌روازه‌كانى به ته‌واویی كه‌مكردووه‌ته‌وه.
بەپێی زانیارییەکانی په‌نجه‌ره كه له سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه به‌تایبه‌ت ده‌ستیكه‌وتووه، داهاتی دەروازەکان مانگانە لە گۆڕاندایە، بەڵام دەروازەی ئیبراهیم خەلیل (لەگەڵ تورکیا) بە جێگیری لە پلەی یەکەمدایە و بەرزترین داهاتی هەیە، به‌شێوه‌یه‌ك مانگانه له‌نێوان 40 بۆ 50 ملیار دینار دایه.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران (لەگەڵ ئێران) گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گه‌یشتووه‌ته نزیك 20 ملیار دینار، له‌كاتێكدا پێشتر داهاتی مانگانەی ئەو دەروازەیە لە نێوان 12 بۆ 15 ملیار دینار بووە.
ئه‌و دوو ده‌روازه‌یه‌ى سه‌ره‌وه له‌ژێر ركێف و ده‌سه‌ڵاتى پارتى دان، هه‌رچی دوو ده‌روازه فه‌رمییه‌كه‌ى لای یه‌كێتین كه پێكهاتوون له دەروازەی باشماخ و پەروێزخان (لەگەڵ ئێران)، داهاتیان کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی سه‌رچاوه‌كه، داهاتی باشماخ لە ئێستادا کەمێک لە سەرووی 10 ملیار دینارە، لە کاتێکدا پێشتر زیاتر بووە. هەروەها داهاتی پەروێزخان لە نێوان 13 بۆ 20 ملیار دیناردا نایەکسانە، لە کاتێکدا پێشتر مانگ هەبووە داهاتەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 30 ملیار دینار.
لایخۆشییه‌وه، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیاردەی قاچاخچێتی زیانێکی کوشندەی لە داهاتی ده‌روازه‌كان داوە كه داهاتى گشتیین.
ناوبراو به په‌نجه‌ره‌ى ڕاگەیاند: "پێشتر تەنها لە دەروازەی باشماخ، داهاتی جگەرە دەگەیشتە 54 ملیۆن دۆلار، بەجۆرێک لە هەر کارتۆنێک 32 دۆلار بۆ حکومەت و 5 دۆلاریش بۆ نەخۆشخانەی هیوا بوو."
وتیشی: "بەڵام ئێستا داهاتی جگەرە لە دەروازەکان سفرە، چونکە بە 'هێڵی تەنسیق' (ڕێگەی قاچاخ و لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان) هاوردە دەکرێت."
جیاواز له‌م ده‌روازه فه‌رمییانه، هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك ده‌روازه‌ى نافه‌رمیشی هه‌یه، كه داتاى داهاتى مانگانه‌یان ناڕوونه.