سەرچاوەیەک: ئەو 30 گەریلایەی چەکەکانیان سوتاند ئەگەر هەیە مانگی داهاتوو بگەڕێنەوە تورکیا

١٨ ئاب ٢٠٢٥ - ١:٥٦ پاش نیوەڕۆ

سەرچاوەیەک: ئەو 30 گەریلایەی چەکەکانیان سوتاند ئەگەر هەیە مانگی داهاتوو بگەڕێنەوە تورکیا

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە ئاماژە بە ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک لەو گرووپە 30 کەسییەی گەریلا دەکات کە چەکەکانیان داناوە، ئەمەش وەکو پێشهاتێکی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا سەیر دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ پەنجەرە کردووە، باسی لەوەکرد ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێنراوە "هەنگاوی جدی بنێت"، ئەوا پێدەچێت بەشێک لەو گرووپە 30 گەریلاییە لە مانگەکانی داهاتوودا بگەڕێنەوە تورکیا.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئەنقەرە و قەندیل، دوای چەندین ساڵ لە ململانێی خوێناوی، لە ماوەی ڕابردوودا دەستی پێکردووەتەوە. یەکێک لە هەنگاوە دیارەکانیش لە 11ـی تەموزی ئەمساڵدا بوو، کاتێک گرووپێکی 30 کەسیی گەریلا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی شاری سلێمانی سووتاند. ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بۆ ئاشتی و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی چارەسەری، هەژمار کرا.

ئەو گرووپە کە ئێستا بە "گرووپی ئاشتی" ناسراوە و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە (باڵی سیاسی پەکەکە) سەرپەرشتی دەکرێن، بەرپرسیارێتیی قۆناغێکی گرنگیان خراوەتە ئەستۆ.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە گەڕانەوەی بەشێک لەم گرووپە، "بەدەنگەوەچوونی ئاشتی و بەشداریکردنە لە پرۆسەی دیموکراسی و چارەسەری."

بەڵام چارەنووسی ئەم گەڕانەوەیە پەیوەستە بە نیازپاکی حکومەتی تورکیاوە. سەرچاوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەگەر کۆسپ و تەگەرە ڕوونەدات و پەکەکە دڵنیابن لە نیازپاکی تورکیا، ئەوا بەشێک لەم گرووپە دەگەڕێنەوە." بە پێچەوانەشەوە، "ئەگەر گرفت ڕووبدات و پەکەکە تێبگات لەوەی تورکیا جدی نییە، ئەوکات دۆخەکە بە جۆرێکی تر دەشکێتەوە."

ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی پرۆسەکە پێویستی بە متمانەسازیی زیاترە لە هەردوو لاوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو