ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنەوە
١٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٠٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای عێراق پلانێکی کاتییان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بە پێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە دەکات.
بابەکر زێباریی، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێم، بڕیاری لای ئەمەریکایە، بەڵام مەسەلەکە جێی سەرسوڕمانە.
دەشڵێت: "ئەمەریکا بۆ بڕیاری کشانەوە و نەکشانەوە لە عێراق و هەرێم بەرژەوەندییەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، ئەگەر کشانەوە لە بەرژەوەندییدا بێت هێزەکانی دەکێشێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە بەرژەوەندیشی نەبێت پێناچێت هێز بکێشێتەوە."
ئەمڕۆ پەنجەرە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە بە وتەی وەزیری بەرگری عێراق و ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوو قۆناغە، قۆناغی یەکەمیان کە لە ناوچەکانی عێراقە، مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، قۆناغی دوەمیشیان کە بنکەی ئەمریکا لە هەولێر دەگرێتەوە، مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.