عێراق تەنها یەک دەروازە بەڕووی بازرگانی هەرێمدا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە
١٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەبڕیاری حکومەتی عێراقی، سەرجەم دەروازە بازرگانییەکان بەڕووی هەرێمدا داخراون تەنها یەک بازگە نەبێت، ئەمەش وایکردووە بازگەکە قەرەباڵەغ بێت و نرخی گواستنەوەش زۆر گران ببێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی هەرێم کە بۆ پەنجەرە قسەی کرد، حکومەتی عێراقی بڕیارییداوە تەنها لە بازگەی کەرکوکەوە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی باری بازرگانی لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە بدرێت.
وتیشی: بۆیە سەرجەم ئەو بارانەی لە خواردەمەنی و کاڵا و شمەک و کەرەستەی بیناسازیی کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران و تورکیا دێنە ناو هەرێم، دەبێت لە دەروازەی گومرکیی کەرکوکەوە داخل بە ناوچەکانی عێراق ببن.
ئەم بڕیارە وایکردووە هەم قەرەباڵەغییەکی زۆر درووست ببێت، هەم گواستنەوەی باریش گران بێت.
حاجی هونەر، بازرگان لە دەروازەی پەروێزخان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێستا بارەکانمان بۆ ئەوەی بیانگوازینەوە ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی عێراقی، دەبێت 500 تا 750 هەزار پارەی زیاتر بدەین لەوەی پێشووتر دەماندا، چونکە بارهەڵگرەکە ڕێگەیەکی دوورتر دەبڕێت.
جەختی لەوەشکردەوە: ئەمە سەرباری قەرەباڵەغییەکی زۆر و درەنگ بەڕێکردنی بارەکانمان لە بازگەکەی کەرکوک.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەش کە تایبەت بۆ پەنجەرە تۆمارکراوە، دەردەکەوێت بە سەدان ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە
دەروازەی بازگەی کەرکوک لە ڕیزدا وەستاون.