فەرەنسا و بەریتانیا پشتیوانی لە هەسەدە چڕ دەکەنەوە

١٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ

فەرەنسا و بەریتانیا پشتیوانی لە هەسەدە چڕ دەکەنەوە

په‌نجه‌ره‌

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت کە دوو زلهێزی ئەوروپی (فەرەنسا و بەریتانیا)، گەیشتوونەتە بڕوایەکی ستراتیژی بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە داهاتوودا سیاسەتی خۆی لە سووریا بگۆڕێت. 

سەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە، وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەم هەڵوێستە ئەوروپییەوە خستەڕوو و وتی: "فەرەنسا و بەریتانیا، دوای چەندین ساڵ لە چاودێریکردنی دۆخی سووریا، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانرێت متمانە بە هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکرێت کە بە 'هێزی شەرعی' ناسراون، بۆیە مانەوە و بەهێزبوونی هەسەدە بە پێویستییەکی حەتمی دەزانن بۆ داهاتووی سووریا."

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم پشتیوانییە تەنها تاکتیکی نییە، بەڵکو ستراتیژییە و پەیوەست نییە بە هەڵوێستی ئەمریکاوە. وتى: "تەنانەت ئەگەر واشنتن هەڵوێستێکی جیاوازیشی هەبێت، پاریس و لەندەن تا ڕادەیەکی زۆر بۆ پشتیوانیکردنی هەسەدە یەکلایی بوونەتەوە."

ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا و بەریتانیا ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە. هەردوو وڵات دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتننامەی بەناوبانگی سایکس-پیکۆ، وەک داڕێژەری سەرەکیی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکەری دەوڵەتانی عێراق و سووریا سەیر دەکرێن. لە ئێستادا، نایانەوێت پێگە و نفوزی مێژوویی خۆیان لەو دوو وڵاتە ستراتیژییەدا لەدەست بدەن، بەتایبەت لە کاتێکدا ڕووسیا و ئێران و تورکیا هەژموونی خۆیان فراوان دەکەن.

مانەوەی هەسەدە وەک هێزێکی كراوه‌ى ڕێکخراو و کاریگەر لە دژی تیرۆر (بەتایبەت داعش)، دەرفەتێک دەداتە ئەم دوو وڵاتە ئەوروپییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی کە ڕەنگە جارێکی دیکە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە بقۆزرێتەوە.

لایخۆیەوە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و یەکێک لە سەرکردە سیاسییە دیارەکانی کورد لە سووریا، بەشێوەیەکی دیپلۆماسی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و ئامادە نەبوو ڕاستەوخۆ لەبارەی هەڵوێستی تاکەکەسیی وڵاتانەوە قسە بکات.

موسلیم بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش شەریکی هەسەدەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."

ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتیی کورد لە سووریا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە فراوانەدا بهێڵێتەوە کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان پشتیوانیی وڵاتە جیاوازەکاندا ڕابگرێت و خۆی لە هەستیارکردنی هیچ لایەنێک بەدوور بگرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو