"ئەمشەو شاندی هەرێم بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا"... سێ لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێن

١٨ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:٤٦ پاش نیوەڕۆ

"ئەمشەو شاندی هەرێم بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا"... سێ لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێن

پەنجەرە

سێ لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراون بۆ پرسی مووچە و بودجەی هەرێم، ئەمشەویش شاندێک لە هەرێمەوە بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەنجەرە کەوتوون، سێ لیژنەکە بریتین لە: لیژنەی تەوتین، لیژنەی داهاتی نانەوتی و لیژنەی بودجە.

ئەندامێکی یەکێک لەو لیژنانە لە تیمی حکومەتی هەرێم بۆ پەنجەرەی ڕوونکردەوە: کاری لیژنەی تەوتین ئەوەیە موچەی موچەخۆران بە بانکیی بکرێت و لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من لەیەک بدرێت، بۆ ئەمەش ڕێکەوتن کراوە و ناکۆکی ورد لەسەر ئەوە هەیە کە دۆسییەکان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا یان نا.

لایخۆشییەوە پەرلەمانتار شوان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشتر بە پەنجەرەی ڕاگەیاندبوو کە حکومەتی عێراقی کێشەی لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من نییە و دەیەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بانکیی بکرێت.

لەبارەی لیژنەی دووەمەوە، سەرچاوەکەی پەنجەرە باسی لەوەکرد کاری ئەم لیژنەیە پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکانە، بەشێوەیەک هەرێم دەیەوێت داهاتی ناوخۆیی و داهاتی فیدراڵی لەیەک جیا بکرێتەوە.

وتیشی: حکومەتی عێراق سەرەتا داوای نیوەی داهاتی ناوخۆیی و دواتر کۆی   داهاتەکەی کرد، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوە ڕێکبکەوێت کە هەندێک لەو داهاتانەی کە ناوخۆیین بۆ هەرێم بن و هەندێکی تریان کە فیدراڵیین بۆ حکومەتی عێراق بێت، ئەمەش لە وڵاتە فیدراڵییەکانی تری جیهان وەکو ئەڵمانیا و ئەمەریکادا هەیە و دەیەوێت لێرە جێبەجێ بکرێت.

هەرچی لیژنەی سێیەمە، تایبەتە بە بەشی هەرێم لە بودجە و ئایا هەرێم بەشی خۆی تێپەڕاندووە "تەجاوزکردووە" یان نا، کەئەمەش حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو هەرێم ئەو بەشەی تێپەڕاندووە.

بەوتەی سەرچاوەکەی پەنجەرە کە ئەمشەو بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی لە سبەینێدا، خاڵی هەرە ناکۆک، لیژنەی دووەمە، بەشێوەیەک هەتا لیژنەی دووەم نەگەنە ڕێککەوتن، زەحمەتە بڕیار لە پرسەکانی تر بدرێت، چونکە ئەو بابەتەی کە ئێستا کرۆکی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە، تایبەتە بە ئەجێندای ئەو لیژنەیەوە.

پێکهێنانی ئەم لیژنانە و چوونیان بۆ بەغدا، لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو هەردوو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕایانگەیاند لەسەر دۆسیەی داهاتی نەوتی و شێوازی ڕادەستکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەمەش دۆسییەی داهاتی نانەوتیی ماوە کە دەبێت لەوەش بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بەغدا بودجە و مووچەی هەرێم بنێرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو