ئهو سهرۆك عهشیرهتهى ئاشتهوایی لهنێوان خێزانى بكوژ و كوژراوانى بانزینخانهكهی ههولێر كرد: ڕێگریمان كرد لهوهى كێشهكه ببێته كێشهى نهتهوایهتی
١٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
سەرۆک عەشیرەتێکی کوردی نیشتەجێی شاری بەغدا، ئاشتهوایی لهنێوان کەسوکاری بکوژ و کوژراوەکانی ڕووداوی بانزینخانەی هەولێردا کرد، هۆکاری نێوەندگیرییهكهشى بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە تا کێشەکە بۆ کێشەی نەتەوایەتی گەورە نەکرێتەوە.
عەدنان حەمید شەفی، سەرۆک عەشیرەتی قەرەڵوسی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "خەریکبوو لە بەغدا کێشەی ڕووداوى بانزینخانەکەی هەولێر بکرێتە کێشەی نێوان کورد و عەرەب و هەندێک خەڵکی خراپ کاریان بۆ ئەمە دەکرد، بۆیە نێوەندگیریم کرد و کێشەکەم چارەسەر کرد."
بەهۆی تەقەکردنی كارمهندی بانزینخانەیەک له هەولێر، سێ کەس کوژران، دوو لە کوژراوەکان عەرەب بوون، یەکێکیان خەڵکی ناوچەی گەرمەی پارێزگای ئەنبار و ئەویتریان خەڵکی ناوچەکانی خوارووی عێراق بوو، قوربانیی سێیهمیش كوردى خهڵكى ههولێره.
سەرۆک عەشیرەتی قەرەڵوس، وتی: "خەڵکانێک لەبەغدا لەبەر رکابەری حزبایەتی و ناکۆکی تر، ویستیان ئاژاوە دروست بکەن و کێشەی بانزینخانەکە بقۆزنەوە بۆ شەڕی کورد و عەرەب لەبەغدا، بەڵام ڕێگەمان پێنەدان."
عەدنان حەمید شەفی، لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەی مەندەلی پارێزگای دیالەیە، بەڵام لە ئێستادا وەکو کەسایەتییەکی دیاری کورد لە شاری بەغدا ڕۆڵ لە کێشە جۆراوجۆرەکان دەگێڕێت.