مستەشارێکی سەردەمی بەعس: تازە مستەشارەکان دەستگیر ناکرێن
١٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٧:٤٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
مستەشاری فەوجی 251ـی سەردەمی ڕژێمی بەعس، ئەگەری دەستگیرکردنی مستەشارە تۆمەتبارەکانی ئەنفال بەدوور دەزانێت، ئەوەش لەکاتێکدایە داواکاری گشتی عێراق داوای دۆسیەی تۆمەتبارانی ئەنفال دەکات بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.
سەعید جاف، مستەشاری فەوجی 251ـی سەردەمی بەعس، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئەگەر دادگا هەنگاوی باش بگرێتەبەر کارێکی باشە، بەڵام مستەشارەکان لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە و لە دوای ڕاپەڕین لێبوردنیان بۆ دەرکراوە."
دەستەی داواکاری گشتی عێراق لە نوسراوێکدا داوایکردووە ژمارەی دۆسیەکانی پرسی تۆمەتبارانی ئەنفالیان بۆ ڕەوانە بکرێت لەگەڵ ئەو دادگایانەی دۆسیەکانیان تێدا تۆمارکراوە، بۆ ئەوەی بتوانن داوای گرتنەبەری ڕێکارەکان بەگوێرەی یاسا بکەن.
سەعید جاف دەڵێت: "تازە مستەشارەکان دەستگیر ناکرێن، نەوەکانیان هەمووی پلەدار و کاربەدەستن."
دەشڵێت: "لەهەر شوێنێک سکاڵا لەسەر مستەشارەکان تۆمار بکرێن، دەستی دەستی بە دۆسیەکان دەکرێت و ئۆباڵی دەستی دەستی پێکردنیش لەلایەن ئەو شوێن و جێگایانەوە دەخرێنە ئەستۆی یەکتری."