لەترسی دوورخستنەوەی، خەمیس خەنجەر هاوپەیمانێتییەکەی دەکات بەناوی کوڕەکەیەوە

٢٠ ئاب ٢٠٢٥ - ٣:٢٥ پاش نیوەڕۆ

لەترسی دوورخستنەوەی، خەمیس خەنجەر هاوپەیمانێتییەکەی دەکات بەناوی کوڕەکەیەوە

پەنجەرە

خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی (السیادة)، هاوپەیمانێتییەکەی لەسەر ناوی خۆی لابردووە، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەر ڕێوشوێنێکی یاسایی ئەگەر لە دژی بگیرێتەبەر  هەتا کاریگەری لەسەر قەوارە سیاسییەکەی نەبێت.

بەهۆی پاشخانی بەعسی بوونەوە، نزیکەی 300 کاندید مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لێوەرگیرایەوە، کە بڕیارە پرۆسەکە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری یەکێکە لەو سیاسییانەی هەمیشە بە بەعسیبوون تۆمەتبار دەکرێت.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە و راوێژکاری پێشوو لە سەرۆکایەتی کۆمار، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ خەمیس خەنجەر تۆماری هاوپەیمانی سیادەی لەسەر ناوی خۆی لابردووە و گۆڕیویەتی بۆ سەر ناوی کوڕەکەی.

خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم، بە دوو سەرکردەی عەرەبی سونەی رکابەری یەکتری دادەنرێن.

لە کاتێکدا حەلبوسی لە ئێستادا بە نزیکایەتی هێزە شیعەکانی عێراق دادەنرێت، بەڵام خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانێتییەکەی وەکو نزیک لە تورکیا و پارتی لێیاندەڕوانرێت.

چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کۆمیسیۆن و دەستەی پارتە سیاسییەکان بە پێی یاسای پارتەکان مامەڵە دەکەن بۆ دوورخستنەوەی کاندید و لێسەندنەوەی مۆڵەت لە پارتی سیاسی."

وتیشی: "لە رابردوودا مۆڵەت لە سێ پارت وەرگیرایەوە، یەکێکیان تەڤگەری ئازادی بوو."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو