دوای دوورخستنەوەی ڕاکان جبوریی 2 کەسایەتی عەرەب پاڵێوراون بۆ جێگرتنەوەی
٢١ ئاب ٢٠٢٥ - ١:١٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی کۆمیسیۆن پێشنیازی دوورخستنەوەی راکان جبوریی سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، دوو کەسایەتی عەرەب کاندیدن بۆ ئەوەی ڕۆڵی ناوبراو بگێڕن.
راکان جبوریی پارێزگاری پێشووی کەرکوک، کە تۆمەتی گەندەڵی دراوەتە پاڵ، بە هۆکاری ئەم تۆمەتە ئەمڕۆ لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پێشنیاز بەرزکراوەتەوە بۆ دوورخستنەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ناوبراو جگە لەوەی سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبییە، بەهێزترین کاندیدی لیستی سەروەری خەمیس خەنجەر بوو بۆ کێبڕکێی لیستی تەقەدومی حەلبوسی.
ئیسماعیل حەدیدیی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەریەک لە خالد مەفرەجی و ئەحمەد حەمدانی، دوو کەسایەتی بەهێزی نێو لیستەکەی ڕاکان جبوریین بۆ ئەوەی لە غیابی ئەودا هەمان ڕۆڵ بگێڕن."
وتیشی: "گرفت ئەوەیە دۆسیە بۆ ئەحمەدان حەمدانیش کراوەتەوە، بەڵام نازانرێت ئەم دوور دەخرێتەوە یان نە."
ئەحمەد حەمدانی کەسایەتی سیاسی عەرەبییە و خالد مەفرەجیش پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، جبوریی و هاوپەیمانێتییەکەی لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی لە کێبڕکێکەدا دوورنەخرێنەوە.
پێش دووهەفتە پەنجەرە ئەگەری دوورخستنەوەی ڕاکان جبووریی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد بەوپێیەی بەهێزترین کاندیدەکانی عەرەبییە لە کەرکوک، ئەگەری دوورخستنەوەی ترسی لەنێو هاوپەیمانێتییەکەیدا درووستکردووە.