کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم داوای دانووستان لە سودانی دەکەن

٢١ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٥٠ پاش نیوەڕۆ

کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم داوای دانووستان لە سودانی دەکەن

 پەنجەرە

لەکاتێکدا هێشتا گرێکوێرەی کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم نەکراوەتەوە، سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات کۆمپانیاکان داوای دانووستانیان لە سودانی کردووە و ئەویش رەدی کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە دۆسیەی نەوتی هەرێم، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کردووە، هەوڵیانداوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بکەونە گفتوگۆ بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانیان و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، جەختی لەوە کردەوە: "نووسینگەی سەرۆک وەزیران داواکارییەکەی کۆمپانیاکانی ڕەتکردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە پێویستە سەرەتا کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە، چونکە گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەولێرە."

ئەم هەڵوێستەی بەغدا لەکاتێکدایە کە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر هەیە کە هەرسێ لایەنی پەیوەندیدار (حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێم، و کۆمپانیا نەوتییەکان) لەخۆبگرێت.

سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە: "چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە پێویستی بە دانوستانێکی سێقۆڵی هەیە، بەجۆرێک کە نوێنەری کۆمپانیاکان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و بگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش."

کێشەی سەرەکیی کۆمپانیاکان بریتییە لە نەبوونی گەرەنتییەکی ڕوون سەبارەت بە چۆنێتی پێدانی شایستە داراییەکانی ڕابردوویان و هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی داهاتوویان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردندا.

لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق و توێژەر لەبواری ئابووریی و وزە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کۆمپانیاکان داوای گەرەنتیی ڕوون و نووسراو دەکەن لەبارەی شایستە داراییەکانیانەوە؛ دەیانەوێت بزانن کام لایەن (هەولێر یان بەغدا) و بە چ میکانیزمێک پارەکانیان پێدەدات."

وتیشی: تائێستا ئەم گەرەنتییە پێیان نەدراوە و هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە ئارادا نییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو