مانگێک بێدەنگی؛ هێشتا مهسرور بارزانى له ئهمهریكایه
٢١ ئاب ٢٠٢٥ - ٧:١٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
بۆ ماوەی نزیکەی مانگێکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕانهگهیهنراو لە هەموو چالاکییە فەرمی و دیپلۆماسییەکان دابڕاوە، ئەم بێدەنگییە پرسیاری جددی لەسەر هۆکاری دیارنەمانی و شوێنی مانەوەی دروست کردووە، لە کاتێکدا سەرچاوەکانى پهنجهره ئاماژە بە بوونی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانى پهنجهره، لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەت لە مانگی تەموزی ڕابردوودا (2025) خاوەنی 17 چالاکیی دیپلۆماسی و پێشوازی لە وەزیر، باڵیۆز و شاندی باڵای وڵاتان بووە، بەڵام لە تەواوی مانگی ئابدا (2025) هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە.
جیاوازیی نێوان دوو مانگەکە تەنها لە چالاکییە دیپلۆماسییەکاندا قەتیس نابێتەوە. مەسرور بارزانی لە مانگی تەموزدا سەرپەرشتی چوار کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە لە ڕۆژانی (2، 13، 16 و 30ـى مانگ، بەڵام لە مانگی ئابدا سەرپەرشتی هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین دۆسیەی گرنگ وەک پرسی بودجە و مووچە و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستیان بە بڕیاری خێرا هەیە.
بێدەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا
ئەم دابڕانە تەنانەت پەیجە فەرمییەکانی سەرۆکی حکومەتیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتووەتەوە.
لە کاتێکدا لە مانگی تەموزدا چەندین پەیام و چالاکیی لەبارەی پرۆژەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پاڵپشتی بۆ یانە وەرزشییەکان بڵاوکردبووەوە، لە مانگی ئابدا تەنها دوو پۆستی یادکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە: ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی مەسعود بارزانی، هەروەها پۆستێکیش تایبەت بە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە 3ی ئاب.
"تا ئێستا لە ئەمریکایە"
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری ئەم دیارنەمانە، سەردانێکی نافەرمی و ڕانەگەیەندراوی ناوبراوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. سەرەڕای ئەوەی پێشتر نووسینگەی سەرۆکی حکومەت هەواڵی سەردانەکەی ڕەتکردبووەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەنجەرەی ڕاگەیاندووە: "تا ئەم ساتەوەختە بەڕێز بارزانی لە ئەمریکایە و نەگەڕاوەتەوە."
لەم نێوەندەدا، زانیاریی دژبەیەک لەبارەی کاتی سەردانەکە و وادەی گەڕانەوەی بڵاوبووەتەوە. هەندێک سەرچاوە باسیان لە گەڕانەوەی دوای چەند ڕۆژێکی کەم دەکرد، هەندێکی تر ئاماژەیان بە گەڕانەوەی لە ناوەڕاستی مانگدا دەکرد، بەڵام دوو سەرچاوەی باڵا دووپاتیان کردووەتەوە کە تائێستا لە ئەمریکایە و وادەی گەڕانەوەی ڕوون نییە.