سەرچاوەیەک لە یەکێتی: 4 چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی ویستویانە بافڵ تاڵەبانی تیرۆربکەن

٢٢ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:١٥ پاش نیوەڕۆ

سەرچاوەیەک لە یەکێتی: 4 چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی ویستویانە بافڵ تاڵەبانی تیرۆربکەن

پەنجەرە

سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی دەڵێت: پێش هێرشەکەی سەر لالەزار، 4 چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی دەستگیرکراون کە پلانی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانییان هەبووە، سەرچاوەیەکیش لەبەرەی گەل رەدی دەکاتەوە و دەڵێت کەوایە با بڵاویبکەنەوە.

سەرچاوەکەی یەکێتی کە بەرپرسیارێتی فەرمیی هەیە و نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە پەنجەرەی وت: سەرەتا 2 کەس دەستگیرکراون کە قەناس بوون.

ئەمانە کە یەکێکیان ناوی (د)ـە، بەوتەی سەرچاوەکە سەر بە لاهور شێخ جەنگیین و "پلانیان هەبووە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هەستن بە تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی پێکانییەوە."

وتیشی: پێش ڕووداوەکە دژە تیرۆر بە نیازەکەیانی زانییوە، هەربۆیە دەستگیری کردوون و دواتر 2 کەسی تریشیان دەستگیرکردووە کە هاوکاریان بوون.

باسی لەوەشکرد سوڕانەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەلیکۆپتەرەکان لە ئاسمانی سلێمانی، بۆ دۆزینەوەی هاوکارەکانیان بووە.

بەوتەی سەرچاوەکە دەستگیرکردنی ئەم کەسانە و ئاشکرابوونی هەوڵەکەیان، بووەتە هۆکاری خێراکردنی پرۆسەی چوونە سەر 'ئوتێل لالەزار' کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەلی لێیە.

لەبەرامبەردا سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەرەی گەل، ئەو قسانەی ڕەد کردەوە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، باسی لەوەکرد "شتی وەها نییە و ئەگەر ڕاستە شتی وا بووە بۆچی بۆ ڕای گشتی بڵاوی ناکەنەوە؟"

لەوەڵامدا سەرچاوەکەی یەکێتی وتی: "کەسەکان دانیان بە تاوانەکەیان ناوە 'ئیعترافیان کردووە'، بڕیاریشە لەم ڕۆژانەدا دانپێدانانەکانیان بە ڤیدیۆ بڵاوبکرێتەوە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو