ئازادكردنى 3 چهكدار دهدرێت كه دانیشتوانى گوندێكى كوردیان كوشتوبڕكرد
٢٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٥١ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
هەوڵی ئازادکردنی سێ ئەندامی پێشووى ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەدرێت، کە تۆمەتبارن بە کوشتوبڕکردنی دانیشتوانی گوندی حەمید شەفی سەر بە قەزای مەندەلی پارێزگای دیالە و ماوەی 18 ساڵە لە زینداندان.
ئێوارهی رۆژى 15/9/2007، مەفرەزەیەک چەکدارى سهر به ڕێكخراوى ئهلقاعیده، پەلامارى گوندى حەمید شەفى کوردنیشینى سەر بە قهزاى مەندەلىیان دا له پارێزگاى دیاله، دوای کۆکردنەوەی دانیشتوانی گوندەکە، سەرجەم پیاوەکانی گوندەکەیان لە ژن و منداڵەکانیان جیاکردەوە و لە پێش چاویان، 16 پیاوی کوردی دانیشتووی گوندەکەیان گولە بارانکرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەو چەکدارانەی قاعیدە کە هەڵیانکوتایە سەر گوندی حەمید شەفی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ناسنامەی زۆربەی چەکدارەکان لای کوردانی مەندەلی ڕوونبوو، چونکە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی پارێزگای دیالە بوون."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، زۆربەی ئەو چەکدارانە لە ڕووداوە جیاجیاکاندا کوژراون، دواتر یەکێک تر لەو چەکدارانە لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لەناوبراوە، بەڵام سێ چەکداریان هێشتا لە زینداندان.
سەرچاوەکە وتی: "هەوڵی ئازادکردنی ئەو سێ چەکدارە لە ئارادایە، بەڵام کوردانی مەندەلی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە گەر ئازاد بکرێن، خۆیان تۆڵەیان لێدەکەنەوە."
لای خۆیەوە، عەدنان حەمید شەفی، سەرۆک عەشیرەتی قەرەڵوسی کە زۆربەی قوربانیەکان کەسوکاری ئەون، سەرجەم زانیارییەکانی پەنجەرەی پشتڕاستکردەوە و وتی: "گەندەڵی گەیشتووەتە کون و کەلەبەری عێراق، هەوڵی ئازادکردنی ئەو سێ چەکدارە لەو چوارچێوەیەدایە، بەڵام ئەگەر ئازاد بکرێن ئەوکات خۆیان ئەنجامەکەی دەبینن."