چەکدارێکی سەر بە ئەژی ئەمین لە ئوتێل لالەزار کوژراوە

٢٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٥٥ پاش نیوەڕۆ

چەکدارێکی سەر بە ئەژی ئەمین لە ئوتێل لالەزار کوژراوە

پەنجەرە

چەکدارێکی سەر بە هێزەکەی ئەژی ئەمین لە نێو ئوتێل لالەزار کوژراوە، کەسێکی خێزانەکەشیان قسە بۆ پەنجەرە دەکات و دەڵێت: نازانین بۆ لەو جێگەیە بووە.

بەپێت زانیارییەکانی پەنجەرە، چەکدارێک بەناوی (مستەفا حاجی عەبدوڵڵا) کە خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتییە، لەنێو هۆتێل لالەزار لە کاتی ڕووداوی هێرشکردنە سەر هۆتێلەکە لەلایەن هێز ەئەمنییەکانی یەکێتییەوە، کوژراوە.

کەسێکی ئەو چەکدارە کوژراوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کوڕەکەمان چەند مانگێکە لای ئەژی ئەمین بووەتە چەکدار، بەڵام چوار ڕۆژ پێش ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار، بەناوی مەشقپێکردنەوە هێنراونەتە سلێمانی."

وتیشی: دوای دوو ڕۆژ لە هێنانیان، مۆبایلیان لێوەرگرتووە، تازە زانیومانە کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، جگە لە مستەفا، یەکێکی تر کە ئەویش هەر لە هێزەکەی ئەژی ئەمین بووە بەناوی (م. ئ) دەستگیرکراوە و چەکدارێکی تریشیان لەگەڵ بووە، بەڵام ئەو هەڵهاتووە.

ئەو کەسەی کوژراوەکەی باڵەکایەتی کە قسەی بۆ پەنجەرە کرد، وتی: "جارێ تەرمی کوڕەکەمان وەرنەگرتووەتەوە، دوای ئەوەی وەرمانگرتەوە، ئینجا بەدواداچوون دەکەین تا بزانین کوڕەکەمان کە لای ئەژی ئەمین بووە، بۆچی لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا لە لالەزار بووە؟"

وتیشی: ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، خەڵکی تر لەگەڵ کوڕەکەی ئێمەدا کوژراوە.

ئەژی ئەمین، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/ زانیاری هەرێمی کوردستانە، لە دوای ڕووداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021ـەوە، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتییەوە کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاریی سەر بە یەکێتی، بەڵام دواتر هەر لەلایەن ناوبراوەوە دوورخرایەوە و چووە هەولێر، لەوکاتەوە ئەژی ئەمین پۆستەکەی وەکو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ماوەتەوە و هاوکات هێزێکی چەکداریشی لەگەڵدایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو