كۆمیسیۆن: دوورخستنەوەی 253 کاندید سیاسی نییە و ڕێکاری توند بۆ پاکیی هەڵبژاردن گیراوەتەبەر
٢٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره- سازان مسته‌فا
سه‌رۆكى تیمی راگه‌یاندن له كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری دوورخستنەوەی ژماره‌یه‌ك کاندید به‌هۆی پاشخانى به‌عسی بوونه‌وه لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، هیچ ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوە نییە، باسی له‌وه‌شكرد کۆمیسیۆن چەندین "ڕێکاری گرنگی" بۆ مسۆگەرکردنی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە گرتووەتەبەر.
د. عیماد جەمیل محسن، لە لێدوانێکى تایبه‌تدا بۆ په‌نجه‌ره، وتى: "پرۆسەی دوورخستنەوەی ئەو 253 کاندیدە لەسەر بنەمای یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی سیاسییەوە نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە کاندیدە دوورخراوەکان سەر بە سەرجەم لایەن و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکانن و لە هەموو لیستەکاندا بوونیان هەیە."
هه‌فته‌ى پێشوو دوورخستنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك كاندیدى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كه بڕیاره مانگى 11ـى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌رای درووستكرد؛ به‌تایبه‌تى كه هه‌ندێك له دوورخراوه‌كان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ئێستاى نوێنه‌رانن یان پله و پۆستى حكومیی و فه‌رمیی به‌رزیان هه‌بووه و هه‌یه.
د. عیماد جەمیل محسن، له‌وباره‌وه ئاماژەی بەوەکرد: "هەندێک لەو کەسانەی دوورخراونەتەوە لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانن، بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ڕەنگە گۆڕانکاری لە دۆسیەی یاسایی و کارگێڕییاندا ڕوویدابێت، وەک تۆمارکردنی سكاڵای یاسایی یان دۆسیەی گەندەڵی و دەستپاکی، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا بوونیان نەبووە، بۆیە کۆمیسیۆن بەپێی نوێترین زانیاری و بەڵگەنامەکان بڕیاری داوە."
ڕێکارەکان بۆ مسۆگەرکردنی پاکی هەڵبژاردن
سەبارەت بە ڕێکارەکانی پاراستنی پرۆسەکە، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن ڕوونیکردەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەستیارەکانی هەڵبژاردن.
وتى: "بۆ نموونە، کارتی دەنگدان لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە هەمان ئەو ماددەیە دروست دەکرێت کە بۆ چاپکردنی دراو بەکاردێت، هەروەها چەندین کلیلی ئەمنی تێدایە کە ڕێگە لە ساختەکاری و کۆپیکردنی دەگرێت. هاوکات کارتی بایۆمەتریی دەنگدەرانیش لە وڵاتی ئیسپانیا چاپ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و پارێزراوی سیستەمەکەی."
باسی له‌وه‌شكرد چەند ڕێکارێکی دیکەیان هه‌ر به ئاراسته‌ى دڵنیابوون له ئه‌نجامنه‌دانى ساخته‌كاریی گرتوه‌ته‌به‌ر، له‌وانه: دانانی کامێرای چاودێریی لەناو سەرجەم بنکەکانی دەنگدان، دانانى ڕێوشوێنى ئه‌وه‌ى کارتی بایۆمەتری تەنها لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاردەهێنرێت و هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری کەسێکی دیکە دەنگ بدات و دوای دەنگدانیش کارتەکە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەکار دەکەوێت بۆ ڕێگری‌کردن لە دووبارە دەنگدانەوە.
چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه ته‌كنییه‌كییه‌كاندا كراوه؟
سه‌باره‌ت به نه‌خوێندنه‌وه‌ى په‌نجه‌مۆر كه هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك ده‌بێته كێشه، د. عیماد جه‌میل محسن، وتى: بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە پەنجەمۆریان بە ئامێرەکان ناخوێنرێتەوە، کامێرایەکی تایبەت بە ئامێری پشتڕاستکردنەوەوە دەبەسترێت بۆ گرتنی وێنەی ڕوخساری دەنگدەرەکە وەک بەڵگەی ناسینەوە.
یه‌كێكی تر له كێشه‌كان، وه‌ستانى ئامێره‌كانه، له‌وباره‌وه سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن دووپاتی کردەوە "كۆمیسیۆن هەموو کێشە تەکنیکییەکانی پێشووی وەک وەستانی ئامێرەکان چارەسەر کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و شەفاف بەڕێوەبچێت."