"تا دێگەڵە و بەس!" 31ـى ئابی کورد و 31ـى ئابی داگیرکەران

٣١ ئاب ٢٠٢٥ - ١:١٩ پاش نیوەڕۆ

"تا دێگەڵە و بەس!" 31ـى ئابی کورد و 31ـى ئابی داگیرکەران

په‌نجه‌ره‌، كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵڵا

رۆژێکی مانگی تەمموزی 1999 تاریق عەزیز دۆستە باوەڕپێکراوەکەی سەدام و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ سەرنووسەری رۆژنامە رۆژانەییەکانی بەغدا کۆدەبێتەوە کە هەموو رۆژانێکی پێنجشەممە ئەم کۆبوونەوانە دەکرا.

تاریق عەزیز بەبێ پەردە و شاردنەوە ئاشکرای دەکات: کاتێک هێزەکەی جەلال تاڵەبانی دوای 31ـى ئاب گەڕانەوە بۆ هەولێر، سەرۆک سەدام حسێن ئاگاداریکردمەوە بە جەلال تاڵەبانی بڵێم: تکایە تا دێگەڵە هێرش بکە و لەوێ بوەستە، ئەگەر بەردەوامبی لە پێشڕەوی، ئەوا گاردی کۆماریی و دەبابەکانمان ئامادەن و وەک 31ـى ئاب دەگەڕێینەوە سەرتان!

 تاریق عەزیز لەڕێی کەناڵە تایبەتەکانی خۆیەوە هەرزوو پەیامەکەی سەدام بە جەلال تاڵه‌بانى دەگەیەنێت. ئامانجەکەی سەدام ئەوەیە لەڕێی هێشتنەوەی دەسەڵاتێکی فراوان بۆ پارتی و مەسعود بارزانی، هەرێمی کوردستان دابەش بکات بۆ دوو زۆن و لەڕێی ئەم پلانە زیرەکانەوە، هەرێمی کوردستان بە فیعلی بوو بە دوو ئیدارەی حوکمڕانیی!

ئەو رۆژانەی کە پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی شاگەشکەبوون بە سەرکەوتنی خێرایان بەسەر پێشمەرگەکانی پارتی لە " گەردەلوولی تۆڵە"ـدا و چاەوڕوانی ئەوەبوون پارتی هەڵبڕن بەرەو سەری رەش، بەغدا و تاران نەخشەیەکیان لەسەر کاغەز داڕشتبوو کە سنوورەکەی تاچەند کیلۆمەترێک لە رۆژئاوای شاری کۆیەدا بوو بۆ هەمیشە بە سنووری دێگەڵە ناوی دەرکرد.

هەرچەندە چەند ساڵیش دوای 31ـى ئاب خەڵکی کوردستان تەنانەت بە پارتییەکانیشەوە، وایاندەزانی ئەم ئاڵوگۆڕە زۆر خێرایە شتێکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراوبووە کە دەبابەی بەعس و گاردی کۆماریی بچنە ناوشاری هەولێرەوەو پێشمەرگەکانی پارتی بەدوایاندا هاتوونەتە ناوشارەکەوە. بەڵام ساڵانی دواتر دەریخست مرەکەبی ئەم نەخشەیە لە تاران و ئەنقەرە و بەغدا خراوەتە سەر کاغەز، کەچی بە خوێنی گەنج و لاوی کورد بناغەکەی دانرا و کرا بە دیوارێکی ترسناک!

 

ماوەیەکی کەم بەر لە 31ـى ئاب، یەکێتییەکان هەستیانکردبوو لە بەری کەرکوکەوە سوپای عێراق جموجوڵێکی نائاسایی دەستپێکردووە

 

خەڵک ناحەقی نەبوو وا بیربکاتەوە چونکە رووداوەکە ئەوەندە کتوپڕ و خێرابوو، تەنانەت پێشمەرگەکانی یەکێتی زۆر بە خێرایی تێکشکان بە جۆرێک کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کادر و فەرماندە باڵاکانی یەکێتی "بە هێرۆخانی خێزانی جەلال تاڵه‌بانییشه‌وه‌" نەیانپەرژا لە شار بچنە دەرەوە!


کێ حەپەسا؟

ماوەیەکی کەم بەر لە 31ـى ئاب، یەکێتییەکان هەستیانکردبوو لە بەری کەرکوکەوە سوپای عێراق جموجوڵێکی نائاسایی دەستپێکردووە، بەڵام لەو رۆژانەدا جەلال تاڵه‌بانى یەکێتییەکان دڵنیادەکاتەوە کە "لەگەڵ ئەمریکییەکان لە پەیوەندیدام و چاودێری بارودۆخەکە دەکەن، لێناگەڕێن جارێکیتر سوپای عێراق بێتەوە ناو کوردستان" لەلایەکیتریشەوە هەڕەشەکانی پارتی بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی لە هەولێر بوو بوو بە هەواڵی رۆتین.

کەچی پێشنیوەڕۆی رۆژی 31ـى ئاب هەموو شتێ قڵپ بوویەوە. قسەی ئەمریکییەکان هیچی تیا سەوز نەبوو بۆ یەکێتی. پارتیش هەڕەشە هەزاربارەکەی خۆی کرد بە ڕاستیی، بەڵام بە پشتیوانی گاردی کۆماریی و دەبابەی سوپای عێراق!

ئەم هەواڵە لەناکاوەی پێشنیوەڕۆی 31ـى ئاب تەنیا یەکێتییەکانی توشی شۆک نەکرد، بەڵکو خودی سەرکردەکانی پارتیش حەپەسان کاتێک هەواڵی گەیشتنی پێشمەرگەی پارتیان بیست بۆ ناو هەولێر.

رەنگبێ ئەم چیرۆکەی (جەوهەر نامیق) سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان نموونەیەکی بەرچاوبێ بۆ بێئاگایی سەرکردایەتی پارتی لە بڕیاری پەنابردنی بۆ سوپای عێراق لەلایەن بارزانییەکانەوە.

چیرۆکەکەیش ئاوایە: ئێوارەیەک پێش 31ـى ئاب، جەوهەر نامیق لە ماڵی خۆی لە پیرمام؛ لەسەر مێزی نانخواردن قسە بۆ میوانەکانی دەکات. ئەو دەزانێ کە چوونەوە بۆ ناو هەولێر لەلایەن پارتییەوە ئاسان نییە، بەڵام دەڵێت: هەموو شتێ لەوانەیە ڕووبدات.

چێشتەنگاوی رۆژی 31ـى ئاب، جەوهەر نامیق ئاگادار دەکرێتەوە کە هەولێر خەریکە ئازاد دەکرێ؛ ئەویش بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە مەکتەبی سیاسی پارتی تا بزانێ چی ڕوو دەدات!؟

لەوێ دەبینن جەوهەریش وەک زۆر کەسی تری ناو مەکتەبی سیاسی، نازانێ چی ڕوویداوەو چۆن ئەم هاوکێشەیە ئاوا هەڵگەڕاوەتەوە!

 

ئێرانییەکان پەیامێک بۆ مام جەلال دەنێرن بۆ کۆتاییهێنان بە پێشڕەوییەکانیان 

 

کاتێ کە دەبیستێ بینای پەرلەمان لەلایەن گاردی کۆماری عێراقەوە داگیرکراوە و حەوشەکەی پڕیەتی لە دەبابەی سوپای ئەنفالچی بەعس، جەوهەر زۆر نیگەران دەبێت. هەر بۆیە بەیاننامەیەک بەناوی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەردەکات و داوای هەرچی زووتری چوونە دەرەوەی سوپا و سەربازی بەعس دەکات لەناو بینای پەرلەماندا!
 

دێگەڵە.. مەرزە پێشنیازکراوەکە!

دوای ئەوەی لە 31ـى ئابدا یەکێتی بە تەواوی لە هەرێمی کوردستان کرایە دەرەوە، مانگێک دواتر لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا کە ناوی نا "گەردلوولی تۆڵە" یەکێتی هێرشی هێنایەوە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی. "گەردەلوولی تۆڵە" بەخێرایی دەچووە پێشەوە و پێشمەرگەکانی پارتی زۆر بەخێرایی تێکدەشکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

کاتێک پێشمەرگەکانی یەکێتی کۆیە تێدەپەڕێنن و بەرەو هەولێر دەچن، ئێرانییەکان لەڕێی نازم دەباغ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پەیامێکی بە پەلە بۆ مام جەلال دەنێرن: "ئاغای تاڵەبانی، تکایە نامانەوێ دۆستەکەمان بە تەواوی لەناو بچێ (مەبەستیان پارتی و بنەماڵەی بارزانییە) لە دێگەڵە کۆتایی بە پێشڕەوییەکانتان بهێنن!"

بەمجۆرە لەسەر پێشنیاز و بڕیاری تاران و بەغدا و ئەنقەرە، دێگەڵە کرایە مەرزێکی دابڕێنەر لەنێوان هەولێر و سلێمانی و دوو ئەمارەتی سەوز و زەرد لای راست و چەپی دێگەڵە بنیاتنرا.

دوای 29 ساڵ لەو دوو پەیام و هەڕەشەیەی سەدام و ئێرانییەکان بۆ جەلال تاڵه‌بانى، دێگەڵە مەرزێکی کاڵ، بەڵام چەسپاوی نێوان دوو ئەمارەتە سەوز و زەردەکەیە.


تێبینی:

لەم نووسینەدا سوود وەرگیراوە لە کتێبی " ئاوەها دەرگام کردەوە" لە نووسینی (عەبدوڵڵا عەباس) سەرنووسەری رۆژنامەی (هاوکاری) کە رۆژنامەیەکی رۆژانەبوو لە بەغدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەردەچوو. یەکێک بووە لە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ تاریق عەزیز.

هەروەها سوود وەرگیراوە لە دیدارێکی نازم عومەر دەباغ- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لەگەڵ رۆژنامەی رووداو کە لە ژمارەی رۆژی 5ـى 1ـى 2020 بڵاوکراوەتەوە و باسی پەیامی ئێرانییەکان دەکات لە دوای 31ـى ئاب بۆ مام جەلال کە دەڵێن تا دێگەڵە و بەس.

لەگەڵ یاداشتەکانی فەرهاد عەونی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات لە سەروەختی رووداوەکانی 31ـى ئاب.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو