ڕووبهڕوو لەگەڵ ستێفن ستەدرت: کێ لە پشت سکاڵاکانی دژ به بارزانییەکانە له ئهمهریكا؟
١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
گەورە راوێژکارێكی پێشووی کۆشکی سپی، سهرپهرشتی ههڵمهتێكى یاسایی دهكات له ئهمهریكا بۆ دادگاییكردنى سهرۆك وهزیرانى ههرێم و چهند برایهكی لهگهڵ كۆمهڵێك بهرپرسی پارتى دیموكراتى كوردستان. ئهو ئاماژە بەوەدەکات سكاڵاكانیان مهدهنیین نهك سیاسی. دهشڵێت: ئەمەریکا هاوڕای بەرپرسانی کورد نییە و پاڵپشتییان ناکات، بهڵام كوردی خۆش دهوێت.
ستێفن ستەدرت، کە راوێژکاری ستراتیژی چوار سەرۆکی ئەمەریکا بووە، بەڵام ئێستا وەکو چالاکوانێکی بواری ئازادی لە جیهاندا کاردەکات. ئهو لهم ماوانهى دواییدا سهرپهرشتی دۆسێیهكى یاسایی گهورهی كرد له دادگاكانى ئهمهریكا دژ به سهرۆك وهزیرانى ههرێم- مهسرور بارزانى و چهند برایهكى لهگهڵ ژمارهیهك بهرپرسی دیكهى سهر به پارتى دیموكراتى كوردستان.
لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ پەنجەرە، ستێفن ستەدرت باس لەو سکاڵایانە و ناوهڕۆكهكهی و چهند پرس و بابهتێكى دیكه دهكات.
پەنجەرە: ئاگادارین کە کۆمەڵێک سکاڵا لە واشنتن لەسەر بەرپرسانی هەرێم تۆمارکراوەو تۆ یەکێکی لەو کەسانەی جوڵێنەری سکاڵاکانیت، سکاڵاتان لەسەر کێ تۆمارکردووە؟
ستێفن ستەدرت: سکاڵاکان لەسەر مەسرور بارزانی، مەنسور بارزانی، بابۆ بارزانی، وەیسی بارزانی و کۆمەڵێک لەو کەسانەی کاریان بۆ دەکەن تۆمارکراون.
پەنجەرە: ئەو ناوانەی ئاماژەت پێکردن کە سکاڵاتان لەسەر تۆمارکردوون هەموویان پارتین، هیچ کەسێکی یەکێتییان تێدا نییە، چۆن؟
ستێفن ستەدرت: هیچ کەسێکی یەکێتی تێدا نییە، ئەمە پەیوەستە بە بڕیاری دادگای ئەمەریکاوە و هەزاران بەڵگەمان لەسەر ئەو کەسانە هەیە بۆیە ئەم ناوانەمان هەڵبژاردووە. سکاڵاکان سکاڵای مەدەنین نەک سیاسی.
پەنجەرە: ناوەڕۆکی سکاڵاکان چین؟
ستێفن ستەدرت: فایلی زۆر گەورەمان خستووەتە بەردەم دادگا، بەڵام دادگا وتی نابێت سکاڵاکان بەم قەبارە گەورەیە پێشکەش بکرێت و دەبێت جۆری تۆمەتەکان دیاریی بکەن. کاتێک جۆری سکاڵاکانمان دیاریکرد، پارێزەرەکانی بارزانی زۆر بەتوندی هاتنە پێشەوە و داوای ڕاگرتنی سکاڵاکانیان کرد، بەڵام لەمەدا سەرکەوتوو نەبوون. لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکای کرد، کاتێک هاوڵاتییەکی ئەمەریکی بەڕەگەز کورد هەوڵیداوە بیبینێت، بەڵام پاسەوانەکانی ئەشکەنجەیان داوە و ئەمە یەکێکە لە سکاڵاکان. سکاڵاکانی تر پەیوەندییان بە خۆدزینەوە لە باج و سپیکردنەوەی پارەو ئەشکەنجەدانەوە هەیە.
لە ڕێگەی دادگاوە هەوڵی دواخستنی کەیسەکان دەدەن و سەرکەوتووش نەبوون
پەنجەرە: دادگا لە ڕێوشوێنە یاساییەکاندا گەیشتووەتە کوێ؟
ستێفن ستەدرت: هێشتا دادگا بڕیاری لەبارەی سکاڵاکانەوە نەداوە و ڕێوشوێن نەگیراوەتەبەر، چونکە تۆمەتەکان زۆرن، هەر لە پیلانگێڕی و باج و دەستوەردان لە مەسەلەی کۆچ و کۆچبەرانەوە تێیدایە تا بازرگانیکردنی نایاسایی. سیستەمی دادوەری ئەمەریکا کەمێک خاوە لە بڕیارداندا، ئاگاداری ئەوەین پارێزەرەکانیان هەوڵی گەورە دەدەن بۆ دواخستنی بڕیارەکانی دادگا لەبارەی دۆسیەکانەوە، بەڵام ئێمە ڕۆژانە لەسەر ئەم بابەتە ڕاپۆرت دەنێرین بۆ زیاتر لە دە سیناتۆر و تائێستا هەزار کەسمان لەبارەی دۆسیەکانی بارزانی ئاگادار کردووەتەوە.
پەنجەرە: تائێستا هیچ هەوڵێکیان لەگەڵ داویت بۆ ئەوەی دەستبەرداری سکاڵاکان بیت؟
ستێفن ستەدرت: راستەوخۆ نەهاتوون بۆ لای من، ئەوان لە ڕێگەی دادگاوە هەوڵی دواخستنی کەیسەکان دەدەن و سەرکەوتووش نەبوون. لە یاسای ئەمەریکیدا سەرۆک و پادشای وڵاتان جۆرێک لە حەسانەیان پێدراوە، هەوڵیانداوە ئەمەش بەکاربهێنن، بەڵام دیسان سەرکەوتوو نەبوون.
پەنجەرە: ئایا ژمارهى پارێزهرانى لایهنى بهرامبهر چهندن؟
ستێفن ستەدرت: پارێزەرەکانیان زۆر زۆرن. ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکاش هەوڵیاندا بۆ ڕاگرتنی دۆسیەکان، بەڵام هەمان ئەو بەرپرسانە لە ژێرەوە پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد و هانیانداین بەردەوام بین. هیچ کەس لە کۆشكی سپی و سینات و کۆنگرس پاڵپشتی ئەوان ناکات.
پەنجەرە: سکاڵاکان زۆرن و خەرجی و ماندووبوونیان دەوێت، کێ پاڵپشتیتان دەکات؟ ئامانجتان چییە لەم کارە؟
ستێفن ستەدرت: ئەو خەڵکانە پاڵپشتیمان دەکەن کە کوردیان خۆش دەوێت.
ئەو خەڵکانەی دژی گەندەڵین، یارمەتیمان دەدەن
پەنجەرە: ئەو خەڵکانە کێن کە کوردیان خۆش دەوێت؟ مەبەستت چییە لەمە؟
ستێفن ستەدرت: ئەو خەڵکانە ئەوانەن کە دژی گەندەڵین، هەندێک لەوانەی یارمەتیمان دەدەن رقیان لە گەندەڵی و تاوانە.
پەنجەرە: لهبارهى پشتیوانیی ئهمهریكا له ههرێمى كوردستان چی دهڵێیت؟ ئایا ئهم دۆسێیانه نابنه هۆكارى پشتكردنه ههرێم و خهڵكهكهى؟
ستێفن ستەدرت: ئاگاداری میدیای کوردیم بە تایبەت میدیای حزبەکان، دەیانەوێت وا مەسەلەکان پیشانبدەن گوایە ئەمەریکا پاڵپشتی دەسەڵاتداران دەکات، بەڵام مەسەلەکە بەوجۆرە نییە، ئەمەریکا کوردی خۆش دەوێت نەک حکومەتەکەی. ئەمەریکا بۆیە مامەڵە لەگەڵ بارزانی و دەسەڵاتداران دەکات، چونکە سەرۆکوەزیرانە. ئەگەر ئێمە سکاڵاکان لە دادگا بەرینەوە "گرین کارت" (كارتى مانهوه له ئهمهریكا) لە مەسرور بارزانی وەردەگیرێتەوە.
پەنجەرە: تۆ زۆر ناوی بارزانییەکانت هێنا، ئەی ڕای بەرپرسانی کۆشکی سپی لەسەر بهرپرسانى یهكێتى (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) چۆنە؟
ستێفن ستەدرت: با بە شێوازێکی دیپلۆماسییانە وەڵامت بدەمەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ دووسەد وڵات دا دەکەن، بۆ ئەوان زۆری دەوێت دابنیشن و بایەخ بەم کەسانە بدەن. ئەمەریکا فۆکسی لەسەر چین، روسیا، ئێران و کۆریای باکورە نەک خەڵکی تر.