موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا کەناڵی NRT تێدا نییە
٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:١١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەنێو ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە دەستیانبەسەردا گیراوە و بڕیارە بفرۆشرێن، بینای دەزگای میدیایی نالیا (NRT) تێدانییە.
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەستبەسەرداگرتنی 60 موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی سەر بە شاسوار عەبدولواحیدـی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیاند بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز لەسەریان، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لەنێو موڵکەکاندا بینا و دەزگای (NRT) هەیە.
لەوبارەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی هەرێم کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەنێو ئەو 60 موڵکەدا، بینای (NRT) نییە.
لایخۆشیەوە، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، ڕایدەگەیەنێت، "بڕواناکەین بینای کەناڵی (NRT) تێدا بێت".
ڕەحمان غەریب، بە پەنجەرەی وت: بڕواناکەین و نەمانبیستووە لە لایەنی فەرمییەوە کە کەناڵەکە لە لیستی موڵکە دەستبەسەرگیراوەکاندا بێت.
وتیشی: "دەستبردن بۆ بینای کەناڵی (NRT) دەچێتە چوارچێوەی تەسفیەی میدیایی و گومانی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پێناچێت دەست بۆ بینای کەناڵەکە ببرێت."