دواین زانیاریی له‌باره‌ى ئاشكراكردنى ئه‌نجامده‌رانى هه‌وڵی تیرۆركردنى هێمن مامه‌ند
٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان سەرجەم کامیراکانی چاودێرییان لەو ناوچەیە هەڵگرتووەتەوە کە تێیدا تەقە لە هێمن مامەندی ڕۆژنامەنوس کرا، هه‌ندێك له شایه‌تحاڵه‌كان ده‌ڵێن ئهنجدامدهران یه‌ك كه‌س و هه‌ندێكى تریش ده‌ڵێن دوو كه‌س بوون.
کاروان ئەنوەر، لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەمان لەگەڵ کردوون، ئەو کەسەی تەقەی لە هێمن مامەند کردووە کڵاوی سەر ماتۆڕسکیلی بەسەرەوە بووە، هەندێک لە شایەتحاڵەکان تەقەرەکان بە یەک کەس و هەندێکیش بەدوو کەس ناویان دەبەن."
شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی، تەقە لە ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند کرا و دوو فیشه‌كى به‌ركه‌وت و برینداربوو، دواتر بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کرا.
لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان کامێراکانی چاودێرییان هەڵگرتووەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بەڵام دوو سەرچاوەی جیاواز كه پهنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، گومان دەکەن تەقەکەرەکان دەستگیرکرابن، سه‌رچاوه‌یه‌كی تریش دەڵێت: دەزگا ئەمنییەکان سەرەداویان دەستکەوتووە.
ئەو سەرچاوانەی ئاماژە بە دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان دەکەن، دەڵێن: ڕەنگە دەزگا ئەمنییەکان نەیانەوێت لەم کاتەدا دەستگیرکردنیان ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و "دەستی پشت ڕووداوەکە بزانن."
بەڵام سەرچاوەیەکی دیكه‌ى باڵا و فەرمی لە سلێمانی، بە پەنجەرەی وت: "تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون، بەڵکو سەرەداو دەستکەوتوون."
له‌به‌رامبه‌ردا، کاروان ئەنوەر، لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ده‌ڵێت: "دەزگا ئەمنییەکان تائێستا هیچ شتێکی فەرمییان پێڕانەگەیاندووین."
پەنجەرە بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندی بە عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.