زرمه‌ی ده‌ستگیرکردن و بێده‌نگیی شه‌قام؛ خه‌ڵكی له ده‌ستگیركردنى سه‌ركرده‌كانى ئۆپۆزسیۆن بێ هه‌ڵوێستن یان بێ هیوا؟
٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٣٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
له گۆڕه‌پانی سیاسیی هه‌رێمی کوردستاندا، دوو ڕووداوی گرنگ له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا سه‌ریان هه‌ڵدا: ده‌ستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و هێرشکردنه سه‌ر لاهور شێخ جه‌نگی. له‌کاتێکدا یه‌که‌میان ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له کورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی به بێده‌نگییه‌کی سه‌یر تێپه‌ڕی. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وی دیکه‌یان سه‌رباری که‌میی ژماره‌ی کورسییه‌کانی، ڕووداوه‌که‌ی کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره و هاوسۆزییه‌کی به‌رفراوانتری لێکه‌وته‌وه.
ئایا ئه‌مه چی له باره‌ی سروشتی په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رکرده و جه‌ماوه‌ر له هه‌رێمدا ده‌رده‌بڕێت؟
شاسوار عەبدولواحید و ده‌نگی بێده‌نگیی شه‌قام
له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌کانی کوردستان که مانگی تشرینی یه‌که‌می ڕابردوو به‌ڕێوه‌چوو، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ توانی 15 کورسی له کۆی 100 کورسی به‌ده‌ست بێنێت. ژماره‌یه‌کی پڕشنگدار که پێشبینیی ده‌کرد ببێته هێزێکی فشار له‌ناو په‌رله‌مان و شه‌قامیشدا.
به‌ڵام ده‌ستگیرکردنی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆکی جوڵانه‌وه‌که، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێشبینییه‌کان، کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له شه‌قامدا لێنه‌که‌وته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌م بێده‌نگییه بووه‌ته مایه‌ی ڕه‌خنه و پرسیار له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانییه‌وه؛ ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره زۆره‌ی کورسی به‌شێک نییه له دیزاینێک که پێشتر هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کان ئاماژه‌یان پێدابوو، ئه‌ی بۆچی ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی به‌م بێده‌نگییه تێپه‌ڕی؟
چه‌ند ڕۆژێک پێش ده‌ستگیرکردنی، شاسوار عەبدولواحید هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندان و به‌رپاکردنی ناڕه‌زایه‌تیی گه‌وره‌ی دژی دواکه‌وتنی مووچه کردبوو، به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه که ده‌ستگیرکردنی خۆی بێ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوان تێپه‌ڕی.
ده‌نگده‌رانی نه‌وه‌ی نوێ زیاتر ئه‌و که‌سانه‌ن که له یه‌کێتی و پارت وه‌ڕس بوون
به‌پێی پێدراوه سیاسییه‌كان، ئه‌م بێده‌نگییه‌ی شه‌قام په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به ژماره‌ی کورسییه‌کانه‌وه نییه، به‌ڵکو زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی جۆری ده‌نگده‌ران و شێوازی کارکردنی جوڵانه‌وه‌که. به‌شێکی زۆری ئه‌و ده‌نگانه‌ی بۆ نه‌وه‌ی نوێ چوون، ده‌نگی لایه‌نگرانی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوون، که نیگه‌رانییه‌کانیان له گۆڕان وای لێکردبوون ڕوو بکه‌نه نه‌وه‌ی نوێ.
به بڕوای چاودێران، نائومێدی خه‌ڵک له بارودۆخه‌که و "ئه‌زموونی تاڵی" پێشوویان له‌گه‌ڵ گۆڕان، وایکردووه سه‌رباری ئاماده‌بوونیان بۆ ده‌نگدان، به‌ڵام ئاماده نه‌بن بۆ قوربانیدان، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانی سه‌ره‌تای گۆڕان که قوربانییه‌کی زۆری بۆ درا.
له‌لایه‌كى تره‌وه ده‌نگده‌رانی نه‌وه‌ی نوێ زیاتر ئه‌و که‌سانه‌ن که له یه‌کێتی و پارتی وه‌ڕس بوون و له "ڕقی" ئه‌وان ده‌نگ به‌م هێزه ده‌ده‌ن، نه‌ک جه‌ماوه‌رێک بن که بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆژیایه‌کی پته‌ویان له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌که‌دا هه‌بێت.
هاوكات شێوازی کارکردنی نه‌وه‌ی نوێ که وه‌ک هێزێکی بێ ڕێکخستن و پشت به میدیا ده‌به‌ستێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ، به یه‌کێکی دیکه له هۆکاره‌کانی ئه‌و بێده‌نگییه داده‌نرێت.
لاهور شێخ جه‌نگی و هاوسۆزیی گه‌رم
له لایه‌کی دیکه‌وه، لاهور شێخ جه‌نگی، سه‌رۆکی به‌ره‌ی گه‌ل، ته‌نها خاوه‌نی دوو کورسی په‌رله‌مانی کوردستانه، به‌ڵام هێرشکردنه سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی لاله‌زاری و ده‌ستگیرکردنی، به‌پێچه‌وانه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید، هاوسۆزییه‌کی زۆری جه‌ماوه‌ریی و ته‌نانه‌ت دیپلۆماسیی لێکه‌وته‌وه. ئه‌م هاوسۆزییه له‌کاتێکدا بوو که پێش ئه‌م ڕووداوه، لاهور شێخ جه‌نگی له ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه له دۆخێکی ناله‌باردا بوو و باس له نه‌کردنی به‌شداریی به‌ره‌ی گه‌ل له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقدا ده‌کرا.
چۆنیه‌تیی هێرشکردنه سه‌ر لاله‌زار ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌بوو
ئه‌و هاوسۆزییه جه‌ماوه‌رییه‌ی که له هاوسۆزییه‌وه تێنه‌په‌ڕی بۆ ناڕه‌زایه‌تی، په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی به شێوازی هێرشکردنه سه‌ر لاله‌زار و جۆری ده‌ستگیرکردنه‌که‌یه‌وه هه‌بوو. چۆنیه‌تیی هێرشکردنه سه‌ر لاله‌زار له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتییه‌وه و بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆییه‌کانی ساتی ده‌ستگیرکردنی شێخ جه‌نگی و هێزه‌که‌ی، هه‌روه‌ها ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌بوو. ئه‌مه ته‌نها هاوسۆزیی ناوخۆیی نه‌بوو، به‌ڵکو ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌کانیش ئه‌گه‌ر به‌ڕاده‌یه‌كى كه‌میش بووبێت، نیگه‌رانیی خۆیان له شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان ده‌ربڕی.
دوو دۆسیه، یه‌ک چاره‌نووس
سه‌رباری جیاوازییه‌کانی دۆسییه‌کانیان، شاسوار عه‌بدولواحید به تۆمه‌تی "هه‌ڕه‌شه‌کردن" به پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا، له‌کاتێکدا لاهور شێخ جه‌نگی به "تۆمه‌تی کوده‌تا و دانانی پلانی کوشتن بۆ بافڵ تاڵه‌بانی" ده‌ستگیرکراوه. ئه‌گه‌رچی شێوازى ده‌ستگیركردن و تۆمه‌ته‌كانى سه‌ریان جیاواز بوو، به‌ڵام سه‌ره‌نجام چاره‌نووسی هه‌ردوو سه‌رکرده‌که یه‌ک بوو: زیندان.
ئه‌م دوو ڕووداوه جیاوازه، پرسیارێکی گه‌وره ده‌خه‌نه به‌رده‌م چاودێران و شه‌قامی کوردی: ئایا کێشه له سروشتی جوڵانه‌وه ئۆپۆزسیۆنه‌کان و شێوازی کارکردنیانه كه خه‌ڵكى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ناكه‌ن به كرده‌وه و جووڵان و رێكخستنى سیاسی، یان خه‌ڵک له هه‌موو هێزه‌کان بێ هیوا بووه و ئاماده نییه قوربانی بۆ هیچ لایه‌نێک بدات؟
ئه‌وه‌ی ڕوونه، ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی کوردستان له چاوه‌ڕوانیی گۆڕانکاریدان، به‌ڵام هێشتا ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌و گۆڕانکارییه نادیاره.