حاجی شێخۆ؛ لە هاوکارێکی دژ بە داعـشەوە بۆ تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر

٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٤ پاش نیوەڕۆ

حاجی شێخۆ؛ لە هاوکارێکی دژ بە داعـشەوە بۆ تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر

په‌نجه‌ره‌

شەوی سێشەممە، ئارامیی شارۆچکەی شێخان تێکچوو، کاتێک هەوڵێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی ناسراوى ناوچەکە (حاجی شێخۆ)، بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوی کە تیایدا دوو کارمەندی ئەمنی و خودی حاجی شێخۆ گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون. ڕووداوەکە لە کاتی ئاهەنگێکی گەرمدا ڕوویدا و خۆشیی گۆڕی بۆ کارەسات.


ورده‌كارییه‌كانی ڕووداوه‌كه‌

بەپێی زانیارییەکان، له‌دواى به‌شدارییكردنى ئاهه‌نگێكدا و له‌ڕێگه‌ى ده‌رچوونى دا، هێزێکی ئەمنی (ئاسایش) ویستوویانه‌ حاجی شێخۆ ده‌ستگیر بكه‌ن، بە تۆمەتی ئەوەی لەلایەن دادگاوە داواکراوە و تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردووەتەوە خۆی ڕادەست بکات و ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانێکی چەکداری.

لە ئەنجامی شەڕەکەدا، دوو کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەستدا و سێ کارمەندی دیکەش برینداربوون. هەر لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، حاجی شێخۆ کوژرا و کچێکیشی بریندار بوو.


کەسوکاری شێخۆ: هیچی له‌سه‌ر نه‌مابوو

رەشید شێخۆ، ئامۆزای حاجی شێخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "تۆمەتبارکردنی حاجی شێخۆ بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە حاجی شێخۆ پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەڵام وه‌كخۆی وتى: "فەرماندە مەنسور بارزانی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو کێشەکەی بۆ چارەسەرکرد و هیچی لەسەر نەمابوو، سەرهەڵدانەوەی کێشەکە شەخسییە."


تۆمه‌تباركردنى به‌ بازرگانیكردنى ماده‌ى هۆشبه‌ر

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان حاجی شێخۆ بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، ناوبراو پێشتر بازرگانی چەک بووە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە چاوپۆشییان لێکردووە.

گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە حاجی شێخۆ وەک کەسایەتییەکی گرنگی ناوچەی شێخان خۆی نیشان دەدات و لە دێوەخانەکەی پێشوازی لە خەڵک و میوانەکانی دەکات.

رەشید شێخۆ، ئامۆزای ناوبراو، دووپاتی کردەوە کە "حاجی شێخۆ لە شەڕی داعشدا سەنگەر بە سەنگەر بە چەک و پارەی خۆی هاوکاری پێشمەرگەی کردووە، ئەو تۆمەتانەشی دەدرێنە پاڵی بنەمایان نییە."


چاوه‌ڕوانى كه‌سوكاره‌كه‌ى و دۆخی شێخان

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە پاش ڕووداوەکە، رەشید شێخۆ ڕایگەیاند: "دۆخی ناوچەی شێخان ئاساییە و ئێمە سەرقاڵی گێڕانی پرسەین، چاوەڕێین حکومەت لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە بکات."

له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ى فه‌رمیی و گێڕانه‌وه‌ى كه‌سوكارییدا، دۆسیه‌ى حاجی شێخۆ به‌ نادیاریی ماوه‌ته‌وه‌، ئێستا شێخان چاوەڕوانی وەڵام دەکات و هیوادارە ڕووناکییەک بخرێتە سەر ڕاستییە شاراوەکانی ئەم چیرۆکە ئاڵۆزە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو