لەوەتەی ئاگربەست ڕاگەیەنراوە تورکیا سەرووی 1400 هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکان

٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٣٦ پاش نیوەڕۆ

لەوەتەی ئاگربەست ڕاگەیەنراوە تورکیا سەرووی 1400 هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکان

پەنجەرە

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا و لەو کاتەوەی کە هێزەکانی پەکەکە ئاگربەستیان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاندووە، هێزەکانی سوپای تورکیا (1412) جار ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردومانکردووە.

لە ڕۆژی 27ـی شوباتی 2025ـدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلانـی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەیامەکەی بڵاوکردەوەو تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان و ئاشتی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند. لەسەرەتای مانگی ئاداریشەوە و لە چوارچێوەی بەدەنگەوەچوونی پەیامی ڕێبەرەکەیان، پەکەکە بە فەرمی ئاگربەستی ڕاگەیاند.

سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، بەڵام تورکیا بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "تورکیا لە مانگی ئاداردا، (118) جار و لە مانگی نیساندا، (210) جار بۆردومانی ئەو ناوچانەی کردووە."

دەشڵێت:"لە مانگی ئایاردا، تورکیا (510) بۆردومان و لە مانگی حوزەیرانیشدا (550) بۆردومانی ئەنجامداوە، هاوکات لە مانگی تەموزدا (18) بۆردومان و لە مانگی ئابیشدا (6) جار بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی کردووە."

بەپێی وتەی کامەران عوسمان، هیچ کەسێک بەهۆی بۆردومانەکانی شەش مانگی ڕابردووی تورکیاوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام منداڵێک بە هۆی پاشماوەی تەقەمەنی تورکیا لە ناوچەی سیدەکان گیانی لەدەستداوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو