ئهندامێكى ئەنجومەنی فەتوای کوردستان: هاوسەرگیری لەگەڵ ڕۆبۆت ڕێگهپێدراو نییه
٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٣٩ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
پرسی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕۆبۆتەکان بووەتە بابەتێکی گەرم و مشتومڕاوی لەسەر ئاستی جیهان، ئهندامێكى ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستانیش دهڵێت، لهڕووى شهرعهوه ڕێگهپێدراو نییه.
مامۆستا عیمادەدین فائیز عەبدوڵلا، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان، به پەنجەرەى ڕاگەیاند: "هاوسەرگیری لەگەڵ ڕۆبۆتەکان لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەپێدراو نییە، چونکە ئەحکامەکانی شەرعی هاوسەرگیری تەنها لەنێوان ژن و پیاو جێبەجێ دەکرێن."
سەبارەت بە ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ ڕۆبۆت، مامۆستا عیمادەددین ئاماژەی بەوەداوە کە بە زینا هەژمار ناکرێت، بەڵام هەمان گوناهی بەتاڵکردنەوەی شەهوەتی هەیە. هەروەها وتیشی: "ئەگەر کردەکە بەردەوام بوو، ئەوا دەچێتە خانەی گوناهە گەورەکانهوه."
وڵاتانی ژاپۆن، چین، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کێبڕکێدان بۆ پەرەپێدانی ڕۆبۆتی ژن کە توانای کۆمەڵایەتی، یارمەتیدان لە ڕێکخستنی ناوماڵ، پاڵپشتی دەروونی و تەنانەت پەیوەندی سێکسی و هەستوسۆزیان هەبێت. ئەم دۆخهش ههم پشتیوانى ههیه و ههم دژیش، لایەنگرانی ئەوانەن کە نەیانتوانیوە خێزان پێکبهێنن یان دووچاری دابڕانی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، لە بەرامبەردا دژبەرانی ئەم دیاردەیە کە زۆرینەن، پێیانوایە کە ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی بازرگانی تەکنەلۆژی.
مامۆستا عیمادەددین، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ڕێگە نەدات ئەم جۆرە ڕۆبۆتانە هاوردەی کوردستان بکرێن، چونکە وهكخۆی وتى: "مەترسییەکی گەورەیه لەسەر بنەماڵە و شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە."
پێشتریش زانکۆی ئەزهەر و خانەی فەتوای میسر و زۆرێک لە زانایانی ئیسلامی، ئەنجامدانی هاوسەرگیرییان لەگەڵ ڕۆبۆت بە حەرام ڕاگەیاندووە و بە هۆکارێکی لادانی سێکسی دادەنێن.