کێشەی وەزیری پیشەسازیی سەردەمی سەدام و سێ پارێزگار

٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٤٨ پێش نیوەڕۆ

کێشەی وەزیری پیشەسازیی سەردەمی سەدام و سێ پارێزگار

پەنجەرە

تارق حەمەد عەبدوڵڵا (1940- 18/ 12/ 1986 خۆی کوشت)، کە بوو بە وەزیری پیشەسازی عێراق لە ساڵی 1982 لەگەڵ سێ پارێزگار کێشەی بۆ دروست بوو!

یەکەم: هاشم حەسەن ئەلمەجید، (برای عەلی کیمیاوی)، پارێزگاری بابل.

ئەو دەیویست وەبەرهێنەرەکان بەزۆر بەسەر کۆمپانیاکانی وەزارەتی پیشەسازی لە شاری حلە بسەپێنت، دەیویست خۆی وەبەرهێنەر بێنێت و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بکەن بۆ ئەوەی بەرتیلیان لێوەربگیرێت.

لەبەرامبەردا وەزیری پیشەسازی قەبووڵی نەئەکرد و ئەوەش کێشمەکێشی لەنێوانیاندا دروست کردبوو.

دووەم: کەریم حەسەن رەزا، پارێزگاری میسان.

کێشەکەیان لەوەوە دروست بوو، کاتێک کارگەی بۆری پلاستیکی لە عەمارە ئاگری گرت.

 لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتی پارێزگار، پێکهێنرا. لیژنەکە بەڕێوەبەری کارگەکەیان تۆمەتبار کرد کە دەستی لە دروستکردنی ئاگرەکە هەیە و بەمەبەست بووە، بۆیە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و سزاکەش جێبەجێ کرا. 

وەزیری پیشەسازی پێی ناخۆش بوو، دەیزانی ئەو بەڕێوەبەرە بێتاوانە. دواتر لێژنەیەکی تری لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و دەرکەوت بەڕێوەبەری لەسێدارەدرا و بێتاوانە، بۆیە بڕیار درا بە شەهید دابنرێت.

سێیەم: جەعفەر بەرزنجی، پارێزگای سلێمانی.

لە سلێمانی کارەگەی جلی ئافرەتان هەبوو، نزیکەی پێنجسەد ئافرەتی گەنج کاریان تێدا دەکرد، جەعفەر بەرزنجی زوو زوو سەردانی کارگەکەی دەکرد، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری کارگەکە نووسراوی بۆ وەزیر کرد و کێشەی زۆر سەردانیکردنیی پارێزگاری باس کرد و بۆی نووسی، پارێزگار زۆر سەردانی کارگە ئەکات بەبێ ئەوەی پێشنیارێک بکات، سووڕ ئەخواتەوە و دەچێت.

وەزیریش نووسراوێکی توندی بۆ پارێزگار کرد و نووسی: "ئەو کارگەیە سەر بە وەزارەتی پیشەسازییە و تۆ هیچ پەیوەندییەکت پێوەی نیە و دەسەڵاتیشت بەسەریەوە نیە." 

لە وەڵامدا پارێزگار دڵگران بوو و ڕۆشت بۆ لای بەرپرسی ناوچەی باکووری حزبی بەعس و پێیانی وت: من بۆیە سەردانی ئەو کارگەیە ئەکەم، چونکە شانەی نووستووی حزبەکەی جەلال تاڵەبانی تێدایە.

سەرچاوە:
د. حەمید عەبدوڵڵا، بەرنامەی "تلك الایام"
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: سۆران کەریم


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو