د. مهحمود عوسمان: دانانى هێماى پێشمهرگه له پاریس كارێكى باشه، بهڵام كاریگهریی ستراتیژیی نابێت
٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد ڕایدەگەیەنێت، دانانى هێما بهناوى پێشمەرگەوه لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کارێکی باشە، بەڵام لەڕووی ستراتیژییەوە كاریگهریی نابێت.
د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لەڕووی ستراتیژییەوە سیاسەتی وڵاتان بە ناولێنان لە جادە و پارک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، بەڵام بوونی هێمای پێشمەرگە لە پاریس لەڕووی رەمزییەوە کارێکی باشە."
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا لە فەرەنسایە و ئهمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس، پەردەیان لەسەر ڕێڕهوێك بهناوی پێشمەرگە لە پارکی ئەندرێ سیترۆن لادا.
سەرۆکی شارەوانی پاریس، پێشمەرگەی بە سیمبولی شەڕی دژی داعش لەسەر ئاستی جیهان ناوبرد، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش فەرەنسای وەکو پاڵپشتیکاری دۆزی کورد ناوهێنا.
د. مەحمود عوسمان، لهمبارهوه دەڵێت: "لەمێژە شارەوانی پاریس پەیوەندی باشی لەگەڵ کورد هەیە و فەرەنساش هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ کورد باشبووە بەراورد بە وڵاتانی تر."
دەشڵێت: "هەرچەندە هێمای پێشمەرگە لەڕووی ستراتیژییەوە کاریگەری نابێت، بەڵام لەڕووی سیمبولییەوە دانانی هێمای پێشمەرگە کارێکی باشە، چونکە پێشمەرگە خەباتی کردووە و شەهیدی زۆر داوە."