دەزگای ئاسایش ده‌ڵێت ئەمەریکییە ده‌ستگیركراوه‌كه‌ى لالەزار "بەکرێگیراوه" و بەرەی گەلیش دەڵێت ساڵانێکە لە سلێمانییە
٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٣٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییه‌كى ئەمەریکی کە لە ڕووداوەکانی لالەزار دەستگیرکراوە بە "بەکرێگیراو" وەسف دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی "بەرەی گەل" ڕایدەگەیەنن ئەو ڕاهێنەرە ئەمەریکییە ماوەی چەند ساڵێکە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
برایان ویڵسن، سەربازی پێشووى ئەمەریکی، بەرەبەیانی ڕۆژی 22ـی ئابی 2025، لەگەڵ 160 چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی، لە پێکدادانەکانی لالەزار دەستگیرکرا. ناوبراو ئێستا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی، به ماڵپه‌ڕى ڕووداوى وتووه: پاش لێکۆڵینەوە، برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی وڵاتەکەی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا"، هاوکاری کردووە بۆ دروستکردن و مەشق و ڕاهێنانی چەکداری بە میلیشیایەکی نایاسایی بە ناوی "هێزی دووپشک".
عەقید سەلام جەختی لەوەش کردەوە: "ویڵسن وەک کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بەو هێزە کردووە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی "پەنجەرە" و زانیارییەکانی دەستکەوتوو لە چەند سەرچاوەیەکی بەرەی گەل، برایان ویڵسن لە پێش ڕووداوەکانی 8ـى تەممووزی ساڵی 2021ـه‌وه لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا بووە و لەو کاتەوە هاتووەتە سلێمانی.
ئاماژە بەوەش کراوە کە لاهور شێخ جەنگی، برایان ویڵسنی لە ڕۆژئاوای کوردستان ناسیوە و دواتر بانگهێشتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
ئه‌گه‌رچی ناوبراو تۆمه‌تبار ده‌كرێت به مه‌شقپێكردن و ڕاهێنانى چه‌كدارانى سه‌ر به لاهور شێخ جه‌نگی، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كى به‌ره‌ى گه‌ل بێئاگایی خۆی له‌وباره‌وه ده‌رده‌بڕێت.
شادمان مەلا حەسەن، سه‌ركرده‌ى به‌ره‌ى گه‌ل و کەسایەتی دیاری نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لە مێژە برایان ویڵسن دەبینم، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ زانیارییەکم لە بارەیەوە نییە."
به‌پێی ڕ‌اپۆرتێكى ئاژانسی ڕۆیته‌رز، برایان ساڵی 2014 بۆ شه‌ڕكردن دژى داعش، چووه‌ته ڕۆژئاوای كوردستان و له‌وێ چووه‌ته ڕیزى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل، به‌مه‌ش بووه‌ته دووه‌م ئه‌مه‌ریكی كه هاتووته ڕیزی یه‌په‌گه‌وه.
ڕۆیته‌رز له ڕاپۆرته‌كه‌یدا كه له ساڵی 2014 بڵاویكردووته‌وه، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه له‌وه‌ته‌ى برایان هاتووه‌ته ڕۆژئاڤا هیچ ئه‌ركێكى سه‌ربازیی نه‌بووه و به‌شداریی له هیچ شه‌ڕێكدا نه‌كردووه.
به‌پێی زانیارییه ڕۆژنامه‌وانییه‌كان، ناوبراو خه‌ڵكى ویلایه‌تى ئۆهایۆی ئه‌مه‌ریكایه و پێشتر سه‌رباز بووه و دواتر بووه‌ته پۆلیس له ویلایه‌ته‌كه‌ى خۆی.