پەتای سپی؛ چۆن ماددە هۆشبەرەکان ژیانی گەنجان دەکەنە دۆزەخ

٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پەتای سپی؛ چۆن ماددە هۆشبەرەکان ژیانی گەنجان دەکەنە دۆزەخ

په‌نجه‌ره‌

لەناو هۆڵی سارد و سڕی دادگای تاوانەکانی کەرکوك/ گەرمیان، کاتێک بڕیاری نزیکەی دوو ساڵ زیندانیکردن بەسەر "سۆران"ـی 35 ساڵاندا درا بە تۆمەتی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، هەموو شتێک وەستا. دەستبەجێ هاناى بۆ کەسوکارەکەی برد و هاواری دەکرد "فریام کەون!"، بەڵام لەوبەری هێڵەکەوە جگە لە گریان و فرمێسک، هیچ وەڵامێکی تری نەبوو. دیمەنێک بوو پڕ لە نائومێدی و بێدەسەڵاتی، کە تابلۆی گەورەتر و ترسناکتری قەیرانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا وێنا دەکرد.

لە مانگی ته‌موزی ساڵی پاردا، دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیان سۆران كه‌ ناوی خوازراوى ئه‌و گه‌نجه‌یه‌، بەو سزایە حوکمدا. گەنجێک کە چەند مانگێک بوو لە زیندان بەهۆی لێبڕانی ماددەکە تووشی شڵەژانێکی دەروونی قورس ببوو. باوکی، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بە په‌نجه‌ره‌ی ڕاگەیاند: "کاتێک دادگا کوڕەکەمانی حوکم دا، دۆخی دەروونی هێندەی تر تێکچوو." 


چیرۆکێکی خەمناک کە بووەتە دیاردەیەکی باو

ئەم گەنجە 35 ساڵە، 8 ساڵ لەمەوبەر ژیانی کەوتە ناو گێژاوی ماددە هۆشبەرەکانەوە. سەرەتا بە حەبی ترامادۆڵ دەستیپێکرد، بەڵام خێزانەکەی پاش چەند ساڵێک و بەهۆی هەڵسوکەوتە نامۆکانیەوە، بۆیان دەرکەوت کە کوڕەکەیان بووەتە قوربانیی کاریگەریی هاوڕێ خراپەکان و ئالوودە بووە.

باوکەکە دەڵێت: "کاتێک بە ئالوودەبوونی کوڕەکەمان زانی، کار لە کار ترازا بوو، درەنگ بوو. دۆخی ماددیمان لەبار نەبوو بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین، تەنها خەفەت بەشمان بوو." ئەمە گوزارشتێکە لە دەردی هەزاران خێزان کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و دەسەڵاتی داراییەوە، ناتوانن نەوەکانیان لەم مردنە هێواشە ڕزگار بکەن.

 

لە چوار مانگی ئەمساڵدا (388) تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر له‌هه‌رێم دەستگیرکراون


بەپێی ئامارێکی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم، قەبارەی ئەم قەیرانە گەورەترە لەوەی بیرمان لێ دەکەینەوە. تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (388) تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە (173) کەسیان بەکارهێنەر، (143) کەس بازرگانی ئاسایی و (72) کەسیش بازرگانی نێودەوڵەتی بوون. ژمارەیەک کە ترس و نیگەرانییەکان زیاتر دەکات.

د. ژیا عەباس، مامۆستای زانکۆ و توێژەر لە بواری ماددەی هۆشبەر، هۆشداری دەدات و په‌نجه‌ره‌ی وت: "ڤەیپ و نێرگەلە و ئاسایی بوونەوەی کێشانیان لە عەقڵی گەنجاندا، بەو مانایەی کە بۆ هەرزەکارێک یان گەنجێک ئاسایی بێت لەپێش چاوی خێزانەکەی بیکێشێت و کردنی بە مۆدێل، وادەکات ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر ئاسایی ببێتەوە و دەرگای بۆ کراوەتر بێت."


دیمه‌نێكى ڕه‌شتر

ئه‌و مانگه‌ى كه‌ سۆرانى تێدا حوكمدرا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕاپۆرتێكى بڵاوکرده‌وه‌، تیایدا وێنەیەکی جیهانی و هەرێمیی تاریکتر نیشان دەدات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 296 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانن، کە دەکاتە 8.5%ـی دانیشتوانی جیهان، زۆربەی ئالوودەبووانیش تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە.

ئەوەی جێی نیگەرانییە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق خەریکە دەبێتە ڕێڕەوێکی هەرێمایەتی بۆ گواستنەوە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بە جۆرێک لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا بازرگانیکردن بە حەبی کیپتاگۆن و میسامفیتامین بە تەواوی گەشەی کردووە. لە ساڵی 2023 دا، ژمارەیەکی پێوانەیی لە دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر لە عێراقدا تۆمار کراوە، بە تایبەت حەبی کیپتاگۆن، کە دەست بەسەر 24 ملیۆن حەبدا گیراوە و بەهاکەی بە 84 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.

 

گه‌نجێك كه‌ به‌هۆی جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، تێكه‌ڵ به‌ تۆڕه‌كانى ماده‌ى هۆشبه‌ر بووه‌ و فێری دزیی و تاوان كراوه‌


ئەم دۆخە مەترسیدارە وایکردووە کەم ڕۆژ هەبێت دەزگا ئەمنییەکان دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر ڕانەگەیەنن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە کەرکوک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە په‌نجه‌ره‌ی ڕاگەیاند کە دۆسیەی گەنجێکی تەمەن 16 ساڵیان هەبووە کە باوکی لەسەر جگەرەکێشان لێیداوە. گەنجەکە لە تووڕەییدا ماڵەوەی جێهێشتووە و شەوەکەی لە گەراجێکدا ماوەتەوە. هەر لەوێشدا کەوتووەتە داوی تۆڕەکانی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاشکرای کرد: "کاتێک گەنجەکە داوای ماددەی هۆشبەری لەوانە کردووە کە دووچاری ئالوودەبوونیان کردووە، پێیان نەداوە و داوای پارەی زۆریان لێکردووە و کوڕەکەش نەیبووە. بۆیە پارەی ساختەیان لە بازاڕدا پێ ساغ کردووەتەوە و کاری دزیکردنیان پێ ئەنجامداوە و بەم جۆرە ماددەیان پێداوە، هەتا دواجار گەنجەکە دەستگیرکرا و سزا درا." ئەمە نیشانەیەکە لە شێوازی کارکردنی مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان کە چۆن گەنجان دەکەنە قوربانی و وایان لێ دەکەن تاوان ئەنجام بدەن.

"ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بڵاودەکەنەوە ناوی خوازراو لە خۆیان دەنێن و لە جێگەیەکدا نامێننەوە، هەتا ئاشکرا نەبن و نەکەونە نێو بۆسەی دەزگا ئەمنییەکانەوە،" سەرچاوە ئەمنییەکە زیادی کرد.


گرفتاریی به‌بێ ناوه‌ندێكى چاره‌سه‌ر

گەورەترین گرفتی ئەو خێزانانەی بەدەست ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرەوە دەناڵێنن، نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردنی گونجاو و تەواوەتییە بۆ ئالوودەبووان لە هەرێمی کوردستان، هاوکات شاردنەوەی گرفتی ئالوودەبوون لە خەڵکی، ئەمەش لە پێناو دەربازکردنیان لە سزا و پاراستنی ئابڕووی خێزانەکانیان.

 

حكومه‌ت ده‌ڵێت 6 بنكه‌ى چاره‌سه‌رى ماده‌ى هۆشبه‌رى له‌ناو چاكسازییه‌كان درووستكردووه‌


دیندار زێباریی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ وتارێكدا به‌ بۆنه‌ى ڕۆژی جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، باس له‌وه‌ده‌كات "شەش سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووان لە چاکسازییەکان گەوران، ئافرەتان و منداڵان لە سلێمانی، دهۆک و هەولێر کراونەتەوە کە چارەسەری پزیشکی، ڕاوێژکاری و خزمەتگوزاری پشتگیری بۆ گەڕانەوەی ئالوودەبووان بۆ ناو  کۆمەڵگا لەم سەنتەرە دابینکراوە و تاکو ئێستا (765) کەس شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە".

به‌ڵام وه‌كخۆی ئاماژه‌ى پێده‌دات، ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ناو چاكسازییه‌كانن، هیچ ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى تایبه‌ت به‌ شیاندنه‌وه‌ى ئالووده‌بووان بونى نییه‌ و تازه‌ بناغه‌ى سه‌نته‌رێك له‌ هه‌ولێر دانراوه‌ له‌لایه‌ن دوو ڕێكخراوى ناوخۆیی و بیانییه‌وه‌.

به‌بڕواى د. ژیا عه‌باس، ئه‌وىى گرنگه‌ له‌ دۆسییه‌ى توشبووانى ماده‌ى هۆشبه‌ردا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كان به‌ قوربانیی ته‌ماشا بكرێن، له‌كاتێكدا یاسا وه‌كو تاوانبار سه‌یریان ده‌كات و سزایان ده‌دات به‌ به‌ندكردن.


هێشتا هیوا ماوه‌

سه‌رباری ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆز و ته‌ڵخه‌، به‌ڵام هێشتا هیوایەک ماوە. باوکێک بە نهێنی و بە بڕیارێکی بە کۆمەڵ لەگەڵ کچ و کوڕەکانی، توانیوویەتی کوڕەکەی چارەسەر بکات و بێگەڕێنێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.

ئەم باوکە بە په‌نجه‌ره‌ی وت: "کوڕەکەم لە تەمەنی 23 ساڵیدا ئالوودەبوو، بەڵام درەنگ پێمانزانی و لە 29 ساڵیدا چارەسەرمان کرد. کچ و کوڕەکانم خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەن، کاتێک بە کوڕەکە ئالوودەبووەکەمان زانی، بڕیارێکی بە کۆمەڵمان دا بۆ چارەسەر کردنی و بردمانە لای پزیشک."

ئەو باوکە چیرۆکەکەی بەردەوام کرد: "پزیشک چارەسەری بۆ دانا و لە ماڵێکی خۆماندا دەستبەسەرمان کرد. گرفتی گەورەمان ئەوەبوو کاتێک چارەسەرمان پێدەدا، تووشی تەنگەنەفەسی دەبوو، بەڵام دواجار ئەو قۆناغە دژوارەمان تێپەڕاند. ئێستا کوڕەکەم خێزاندارە و 3 منداڵیشی هەیە."

ئەمە ئه‌گه‌چی چیرۆکێکی ناوازه‌ى سەرکەوتنە، به‌ڵام په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری تاكه‌ خێزانێكه‌وه‌. ئه‌وه‌ى پێویستە بكرێت، هه‌وڵی ده‌سته‌جه‌معی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌، بۆ شیاندنه‌وه‌ى ئالووده‌بووه‌كان و دانانى سنوورێك بۆ ئالووده‌بوونى زیاتری تاكه‌كان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو