كاندیده‌ سەربەخۆکان له‌ گۆڕەپانێکی نایەکساندا كێبڕكێ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٠٥ پاش نیوەڕۆ

كاندیده‌ سەربەخۆکان له‌ گۆڕەپانێکی نایەکساندا كێبڕكێ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

په‌نجه‌ره‌

ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ دەیانەوێت ڕکابەری هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانى كوردستان بکەن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، بەڵام بەبێ پاڵپشتی دارایی و مرۆیی، ئەم کاندیدانە ڕووبەڕووی "تەحەدای گەورە" دەبنەوە و گۆڕەپانی ڕکابەرێتییەکە بۆ ئەوان بەرتەسکترە.


نایەکسانی لە سەرچاوەکاندا

لەلایەکەوە، لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجە و پاڵپشتی مرۆییەوە، پاڵپشتی بەهێزی کاندیدەکانیان دەکەن. لەلایەکی ترەوە، کاندیدە سەربەخۆکان زیاتر چاویان لەسەر پشتگیری دۆست و کەسوکار و خەڵکە.

کاوە لەتیف، پارێزەر و کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ بازنه‌ى پارێزگاى سلێمانى، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ڕووی ماددییەوە ناتوانین ڕکابەری حزب و لایەنەکان بکەین، بەڵام بە ڕابردووی خۆم پشت ئەستوورم و بەپێی ئەو بەرنامە سیاسییەی بۆ کاتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن دامناوە، چاوەڕێی ئەوەم خەڵک دەنگم پێبدات."

وتیشی: "ئەو پارە سنوردارەی کە لە کاری ڕۆژانەدا کۆمکردووەتەوە، تەنها ئەوەم هەیە بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەدا بەکاری بهێنم، بەڵام زیاتر پشت بە سۆشیال میدیا دەبەستین بۆ بانگەشە."


ناڕوونی لە دۆخی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکاندا

لەم کاتەدا، هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل دەستگیرکراون و چارەنووسیان ڕوون نییە سەبارەت بەوەی بۆ کاتی هەڵبژاردن ئازاد دەکرێن یان لە زینداندا دەمێننەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لیژنە دروستکراوە و ئامادەکاری بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، هەرچەندە پڕکردنەوەی بۆشایی شاسوار عەبدولواحید ئاسان نییە، بەڵام ئیشوکارەکان بە دەستەجەمعی دەکەین."

هێشتا ڕوون نییە دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو فشارانەی خراونەتە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر دەنگی کاندیدە سەربەخۆکان دەبێت. بەڵام ئەم کاندیدانە لە یەک کاتدا ڕکابەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشن.


بانگەواز بۆ پشتگیری جەماوەریی

لاوازی توانای دارایی و مرۆیی کاندیدە سەربەخۆکان و پاڵپشتی بەهێزی کاندیدانی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، لە کاتێکدایە کە کاندیدانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و بودجەیەکی دیاریکراو و چاپکردنی فلێک و پۆستەرەوە پاڵپشتی دەکرێن. ئەمەش هاوکێشەی ڕکابەرێتییەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرسی یەکسانی دەرفەتەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

کاوە لەتیف دەڵێت: "حزبەکان هۆکاری نەهامەتییەکانی میللەتن، بەڵام ئێمە لە ڕابردوودا بەرپرسیارێتیمان نەبووە و تاوانبار نین لەو دۆخەی خەڵک تێیکەوتووە، بۆیە چاوەڕوانی پشتگیری جەماوەری بەرفراوانین."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو